Accessibility links

سەرۆک بوش گلەیی لێدەکات و سەرۆک ترامپیش وەڵامی دەداتەوە


سەرۆک ترامپ وەڵامێکی توندی جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دەداتەوە پاش ئەو داوایەی سەرۆک بوش کردبووی بۆ کۆتاییهێنان بە لایەن و لایەنکاری لە ئەمریکادا کە باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشاوە لە نێوەندی ئەم بڵاوبوونەوەیەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

سەرۆک بوش، لە ڤیدیۆیەکی 3 خولەکیدا، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا بڵاویکردۆتەوە، باسی لەوەکردوە، جیاوازییەکان چەندێک بچوکن لەبەرامبەر مەترسییە هاوبەشەکانی کۆڤید 19 و دەشڵێت "ئێمە جەنگاوەری حزب نین و ئێمە مرۆڤین و یان ئەوەتا پێکەوە باڵا دەبین و یان پێکەوە دەکەوین، ئێمە سوورین لەسەر هەڵسانەوە."

سەرۆک ترامپ، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا، و هەروەهاش لە دیمانەکەیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوسدا، هێرش دەکاتە سەر سەرۆک بوش چونکە لە کاتی هەوڵەکان بۆ لادانی سەرۆک ترامپ بەهۆی دۆسێی ئۆکرانیاوە، وەک سەرۆک ترامپ دەڵێت، سەرۆک بوش شکستی هێنا لەوەی هیچ هەڵوێستێکی هەبێت.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "بوش ئامادەیی نەبوو، نەشدەتوانرا بدۆزرێتەوە تا قسەیەک دژی گەورەترین فێڵ و تەڵەکە بکات لە مێژووی ئەمریکادا."

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە مانگی 12ی ڕابردوودا، سەرۆک ترامپی بە گوناهبار دانا بە تاوانی فشار خستنە سەر ئۆکرانیا بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەسەر ڕکابەرە دیموکراتەکان. ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری لە کار لادانی سەرۆک ترامپی پەسەند کرد، بەڵام دواتر لە سیناتدا سەرۆک ترامپ بە بێتاوان دانرا.

لەو کاتەدا سەرۆک جۆرج دەبلیو بوش، هیچ لێدوانێکی ئاشکرایانەی نەدا لەسەر ئەو دۆسێیە، بەڵکو خۆی و ئەندامانی خانەوادەکەیشی ڕەخنەیان لە سەرۆک ترامپ و سیاسەتەکانیشی دەگرت.

سەرۆک بوش لە ڤیدیۆکەیدا، باسی لەوەش کردووە کە کۆرۆنا لە چەند ناوچەیەکی ئەمریکادا ڕوو لە تەشەنەکردنێکی زۆرە و هێرشەکانی یازدەی سەپتێمبەریشی هێنایەوە یادی خەڵک و دەڵێت "ئەمریکا ڕووبەڕووی سەروەختی تاقیکردنەوەی قورس بۆتەوە و سەرکەوتووانە ئەو تاقیکردنەوانەی تێپەڕاندووە."

XS
SM
MD
LG