Accessibility links

ئامارەکانی کۆرۆنا لە ئیسپانیا بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و لە ڕوسیا لە هەڵکشاندایە


بەپێی لێدوانەکانی وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیا ژمارەی ئەوانەی لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە 164 کەس بوون.

لە ئیسپانیا لەوەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید 19ەوە تا ئێستا 25264 کەس گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی پاکستان دەڵێت ژمارەی توشبووان بە پەتای کۆرۆنا بەرزبۆتەوە بۆ 217466 کەس، لە کاتێکدا ڕۆژی شەممە ژمارەی توشبووان 216582 کەس بوون.

ڕوسیاش ڕایدەگەیەنێت لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 10633 کەس توشی پەتای کۆرۆنا بوون و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی مۆسکۆ، سەرچەم توشبووان بە کۆڤید 19 لە وڵاتەکەدا، تا ئێستا 134686 کەسن.

نێوەندی ڕوسیا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەڵێت لەم 24 کاتژمێرەی ڕابردوودا 58 کەس بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی ئەوانەی تا ئێستا لە ڕوسیا بەم پەتایە مردون گەیشتۆتە 1280 کەس.

لە ئەڵمانیا نێوەندی کوخ بۆ نەخۆشیە درمییەکان دەڵێت 793 کەسی تر توشی پەتای کۆرۆنا بوون و تا ئێستاش 162496 کەس توشی ئەم پەتایە بوون.

ئەم نێوەندە دەشڵێت لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ژمارەی ئەوانەی بەم پەتایە گیانیان لەدەستداوە 74 کەس بوون و تا ئێستاش 6649 لە ئەڵمانیا بە پەتای کۆرۆنا مردون.

لە سەرانسەری جیهاندا، لەوەتای پەتای کۆرۆنا بۆ یەکەم جار لە وڵاتی چینەوە سەریهەڵدا تا ئێستا 241682 کەس مردون و زیاتر لە 3 ملیۆن و 398 هەزار و 390 کەس توشی کۆڤید 19 بوون لە 195 وڵات و ناوچەدا، بەپێی ئەو ئامارەی ئاژانسی فرانس پرێس لە درەنگانێکی ڕۆژی شەممەدا بڵاوی کردۆتەوە.

لەو ڕاپۆرتەی فرانس پرێسدا، ئاماژەش بەوە کراوە ئەم ژمارەیەی توشبووان تەنها بەشێکە لە ژمارەی ڕاستەقینەی توشبووان بەم پەتایە، چونکە هێشتا ئەنجامی ژمارەیەکی بەرچاوی پشکنینە تەندروستییەکان لە جیهاندا ڕانەگەیەندراون.

XS
SM
MD
LG