Accessibility links

سەرۆک ترامپ داکۆکی لە هەنگاوەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی دەکات


سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت بەڕێوبەرایەتییەکەی تاووتوێی بڕیارێک دەکات تا ئەو کەسانەی دێنە ئەمریکاوە پشکنینی تەندروستییان بۆ بکرێت وەک هەنگاوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەرۆک دانۆڵد ترامپ، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا باسی لەوەکرد کە بەڕێوبەرایەتییەکەی دەخوازێت ئەو هەنگاوەبنێت بۆ ئەوانەی بە گەشتە فڕۆکەییەکان دێنە ئەمریکاوە و دەشڵێت لە ئایندەیەکی نزیکدا تاووتوێی ئەم هەنگاوە دەکرێت.

سەرۆک ترامپ، لەو لێدوانەی درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێشتا دیارنەکراوە، ئایا ئەو پشکنینە تەندروستیانە، حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا دەیانکات یان کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، دەشڵێت لەوانەیە "هەردوو لا پێکەوە ئەو پشکنینە تەندروستییە بکەن."

سەرۆک ترامپ جارێکی تریش جەختی کردەوە لەوەی ئەمریکا هێندەی پێویست پشکنینی تەندروستی دەکات لە پێناو پاراستنی ئەو ئەمریکاییانەی دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

ئەم لێدوانەی سەرۆک ترامپ لەکاتێکدایە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە چونکە وەک ڕەخنەگران دەڵێن "بەڕێوبەرایەتی نەیتوانیوە سەرپەرشتی پشکنینێکی بەرفراوانی تەندروستی بکات."

سەرۆک ترامپ، ئەو ئاماژانەشی ڕەت کردەوە کە دەڵێن بەڕێوبەرایەتی خاو بووە لە چۆنیەتی سەروسەوداکردن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە بڕیارەکانی پێشتری خۆی کردەوە بۆ ڕێگەگرتن لە گەشتە فڕۆکەییەکانی لە وڵاتی چینەوە دێن بۆ ئەمریکا و دەڵێت " جا ئایا ئەو بڕیارە بەخت بووبێت یان بەهرە بووبێت یان هەر شتێکی تر، بەڵام بەهۆی ئەو بڕیارەوە ژیانی هەزاران کەس لە مردن پارێزران."

XS
SM
MD
LG