Accessibility links

سەرۆک ترامپ وەڵامی جۆ بایدن دەداتەوە


سەرۆک ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی هەرگیز بیری لە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا نەکردۆتەوە کە بڕیارە ڕۆژی 3ی مانگی یازدە بکرێت.

لە میانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممەیدا لە کۆشکی سپی، سەرۆک ترامپ وەک دەڵێت "هەرگیز بیرم لە گۆڕینی وادەی هەڵبژاردن نەکردۆتەوە، بۆچی وەها بکەم؟"

ئەم لێدوانەی سەرۆک ترامپ ڕەتکردنەوەی لێدوانێکی پێشتری جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکانە کە وتبوی دانۆڵد ترامپ دەیەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت.

سەرۆک ترامپ دەڵێت چاوەڕوانی ئەو هەڵبژاردنەیە و جەختیشی کردەوە لەوەی گوناهبارکردنی بەوەی دەیەوێت هەڵبژاردن دوا بخات، هیچ شتێکی تر نییە بێ لە پڕوپاگەندەکردن زیاتر، وەک دەڵێت "ئەو پڕوپاگەندەیەش هەر تەنها لای جۆ بایدنەوە نەکراوە، بەڵکو لای زۆرێکی تر لەوانەی کار بۆ جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا دەکەن."

بەپێی دەستوری ئەمریکا، سەرۆکی وڵات ڕێگەپێدراو نییە بەوەی هەر لە لای خۆیەوە وادەی هەڵبژاردن بگۆڕێت.

لە هەفتەی ڕابردوودا، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هاوکاتی هەڵمەتێکی هەڵبژاردن کە لە تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە کردی ،وتی "ئەم قسەیەی منتان لەیاد بێت، لەوبڕوایەدام ترامپ هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدات، بە ڕێگەیەک و بە هێنانەوەی بیانوەکان بۆ ڕێگەگرتن لەوەی هەڵبژاردن بکرێت."

بایدن دەڵێت "ئەم هەوڵەش، تەنها ڕێگەیەکە کە ترامپ پێی وایە بتوانێت هەڵبژاردنی پێبباتەوە."

XS
SM
MD
LG