Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەرفەتەکان هەڵدەسەنگێنێت سەبارەت بە ئاستی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراقدا


وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت وەزیری دەرەوە، 30 ڕۆژی وەک وادەیەکی نوێ بۆ عێراق دیارکردووە تا بتوانێت دەستبەرداری بەکارهێنانی وزەی ئەلیکتریکی بێت لە ئێرانەوە و ئاماژەشی بە فراوان کردنی هاوکارییەکان کردوە لەگەڵ بەغدادا، بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پشت بەستن بە سەرچاوەکانی وزە لە ئێرانەوە.

بەپێی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ماوەی ئەم 30 ڕۆژەی داهاتودا عێراق دەتوانێت بۆ کورتخایەن پێداویستیەکانی خۆی بۆ وزەی ئەلیکتریک لە ئێران بەدەست بێنێت، بەڵام لە هەمان دەمیشدا پێویستە هەنگاوی خۆی بنێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پشت بەستن بە سەرچاوەکانی وزە لە ئێرانەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەشی بەوە کردوە، دانانی ئەم 30 ڕۆژە، ڕەخساندنی کاتە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتێکی متمانە پێکراوی عێراقیدا و دەشڵێت هەر کە حکومەت پێکهات، وەزیری دەرەوە هەڵسەنگاندن دەکات سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ماوەیە درێژ بکرێتەوە یان نا و هەروەهاش لە دەرفەتەکان دەڕوانێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستنی بە سەرچاوەکانی وزەی ئێران کە جێی متمانە نین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، مایک پەمپەیۆ لەوبڕوایەدایە، لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکادایە ئەو 30 ڕۆژە درێژبکرێتەوە و هەر بڕیارێکیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی یان نوێکردنەوەی، دەکەوێتە سەر مەزەندەکان و هەڵسەنگاندنەکانی وەزیری دەرەوە بە ڕاوێژکردن لەگەڵ وەزیری خەزێنەدا.

XS
SM
MD
LG