Accessibility links

پەنتاگۆن مەترسی هەواڵگری مانگە دەستکردەکەی ئێران بە هێند وەرناگرێت


سەرۆکی بەشی واڵایی لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەڵێت، پەنتاگۆن لەو بڕوایەدایە یەکەم هەڵدانی سەرکەوتوانەی مانگێکی دەستکرد لەلایەن ئێرانەوە بۆ واڵایی، مەترسی نییە بۆسەر هەواڵگری.

مانگی دەستکردی نور 1 کە ڕۆژی 22 مانگی چوار ئێران لە واڵاییدا جێگیری کردووە، لە لایەن پەنتاگۆنەوە بە جۆری 3 یو کیوبسات دادەنرێت و لە 3 یەکەی بچوکی پێکەوە لکاو پێکدێت، بەپێی ئەو پۆستەی ژەنەراڵ جۆن ڕەیمۆند لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویەتی.

ژەنەراڵ ڕەیمۆند نوسیویەتی "ئەم مانگە دەستکردەی ئێران توانای وێنەگرتنی هەیە، بەڵام تەنها وەک کامێرایەکی ئاساییە لە واڵاییدا دانراوە، ناتوانێت زانیاری هەواڵگری بزانێت."

لەگەڵ ئەوەشدا کە ژەنەراڵ ڕەیمۆند، مەترسی ئەو مانگە دەستکردەی ئێرانی بە هێند نەزانیوە، بەڵام ئەمریکا پێشتر ئاگاهیداوە سەبارەت بە تواناییەکانی ئێران لە واڵاییدا و لە پەیوەندی بە دۆسێی موشەکە دوور هاوێژەکانی ئێرانەوە، کە بە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەی دادەنێت بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە هەفتەی ڕابردوودا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی ئێرانی گوناهبارکرد بە پێشێلکردنی بڕیارەکەی ساڵی 2015 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ڕێگە لە هەموو کارێکی تاران دەگرێت لە بواری موشەکی باڵستیکی کە بتوانرێت کڵاوەی ناوکی لێببەسترێت.

مایک پەمپەیۆ، داوای لە نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە تا گەمارۆی فرۆشتنی چەکی باو بە ئێران درێژبکرێتەوە. ئەو بڕیاری گەمارۆی چەکەی لەسەر ئێرانە لە مانگی 10ی داهاتوودا وادەکەی بەسەردەچێت.

XS
SM
MD
LG