Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا دەکات گەمارۆی چەک لەسەر ئێران درێژبکرێتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەرنامە موشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە "مەترسیدار و نا ئاشتیانە" ناودێر کرد و هەروەها ئاماژەشی بە هەڵدانی مانگێکی دەستکرد کرد، لەلایەن ئێرانییەکانەوە بۆ مەبەستی لەشکری.

مایک پەمپەیۆ، لە ڕاگەیەندنەکەی درەنگانێکی ڕۆژی شەممەیدا دەڵێت "پێشتریش جەختمان کردۆتەوە لەوەی بەرنامەی واڵایی ئێران بەرنامەیەکی ئاشتیانە نییە و هەروەهاش تانوپۆیەکی سیڤیلیانەی نییە."

لە بەشێکی تری ڕاگەیاندنەکەیدا، پەمپەیۆ دەڵێت هەرگیز بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ بڕوای بەوە نەبووە بەرنامە موشەکیەکەی ئێران بەرنامەیەکی ئاشتیانە بێت."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوا دەکات بڕیاری قەدەغەکردنی چەکی ئاسایی لەسەر ئێران، درێژ بکرێتەوە.

لە مانگی 10ی داهاتوودا، کارکردن بەو بڕیارە کۆتایی پێدێت و دەشڵێت "ئەو وڵاتانەی ئاشتییان دەوێت و بەرز ڕایدەگرن، پێویستە بەرنامە مەترسیدارە موشەکییەکەی ئێران ڕابگرن."

پەمپەیۆ دەڵێت ڕژێمی ئێران سەرچاوە داراییەکانی خۆی بۆ توانایی لەشکریانە بەکاردەهێنێت لەکاتێکدا گەلی ئێران بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دووچاری مەینەتی هاتووە و جەختیش دەکاتەوە لەوەی "لەسەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە کە ڕێگە نەدات بە ئێران بەرنامەی موشەکی باڵستیکی خۆی پەرەپێبدات."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داواش لە یەکێتی ئەوروپا دەکات تا سزا بسەپێنێت بەسەر ئەوانەی لە بەرنامەی موشەکیی ئێراندا کاردەکەن و هەروەها ئەو لایەنانەش کە یارمەتی ئێران دەدەن بۆ پەرەپێدانی بەرنامە باڵستیکیەکەی، و جارێکی تریش پەمپەیۆ جەختی کردۆتەوە لەوەی؛ دەبێت ڕێگە بگیرێت لە وڵاتی یەکەم بۆ سەرپەرشتکارکردنی تێرۆریزم، لەوەی بتوانێت چەکی ئاسایی و باو بکڕێت یان بفرۆشێت.

ڕۆژی چوارشەممە، ئێران ڕایگەیاند یەکەم مانگی دەستکردی بۆ مەبەستی لەشکریانە هەڵداوە بۆ واڵایی و ئەمریکاش زوو بە زوو ناڕەزایی دەربڕی و سەرۆک ترامپ هەر بە چەند کاتژمێرێک پاش هەڵدانی ئەو مانگە دەستکردە، فرمانی بە هێزی دەریایی ئەمریکا داوە، ئەگەر هەر بەلەمێکی ئێرانی گێچەڵی بە کەشتی ئەمریکایی کرد، تێکبشکێندرێت.

فەڕەنسا و بەریتانیاش بە هەمان شێوە ناڕەزاییان بەرامبەر بەو کارەی ئێران دەربڕیوە.

پاریس دەڵێت، ئەو کارەی ئێران نیگەرانییەکان لەسەر بەرنامەی موشەکی ئێران زیاتر دەکات و هەروەها هەڕەشە و مەترسیشە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە.

لەندەن جەخت دەکاتەوە لەوەی ئێران بەو کارەی نیگەرانییەکانی قوڵتر کردۆتەوە و هەروەها هەڵدانی مانگی دەستکرد بۆ مەبەستی لەشکریانە، پێچەوانەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

XS
SM
MD
LG