Accessibility links

کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش ساڵیادی ژینۆسایدی ئەرمینیاییەکان بەرز ڕادەگرن


سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت لە ساڵی 1915ەوە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار ئەرمینیایی کوژراون و کۆچی زۆرە ملێییان پێکراوە، وەک ئاماژەیەک بە کۆمەڵکوژیەکەی تورکیا دژی ئەرمینیاییەکان کردویەتی.

سەرۆک ترامپ لە لێدوانەکەی درەنگانێکی ڕۆژی شەممەیدا، ئاماژەی بەوەش کرد "لەمڕۆدا یادی ئەرمینیاییەکان و هەموو ئەوانەش دەکەینەوە کە ذووچاری مەینەتی هاتوون لەو کارەساتە گەورەیەدا."

سەرۆک ترامپ دەڵێت پێویستە پەند لەو وانانەی ڕابردوو وەربگرین تا ئەو ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە.

کۆمەڵکوژی ئەرمینیاییەکان، لە ساڵی 1915ەوە بۆ ساڵی 1923خایاند، بە یەکەم کۆمەڵکوژی دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا، نزیکەی یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار ئەرمینیایی تیادا کوژران، بەدەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانلییەکان.

نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژیەی کرد و لە ڕاگەیەندراوێکی چاپکراودا دەڵێت "لەم ڕۆژەدا و پاش 105 ساڵ لەوەی سەرکردەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانلی دەستیانکرد بە کۆمەڵکوژیە بە بەرنامەکەیان دژ بە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار ئەرمینیایی دەستپێکرد. ئەو کردە بەربەریانەی دژ بە گەلی ئەرمینایی کرا، پەڵەیەکە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا."

تێد کروز، سیناتۆری کۆماری لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "جێی شانازییە ڕێبەرایەتی ئەو هەوڵەم کردووە لە سیناتدا، بۆ پەسەندکردنی بڕیارێکی هاوبەشی هەردوو لایەنی کۆماری و دیموکرات، بۆ پەسەندکردنی بەرزڕاگرتنی ساڵیادی ئەم کۆمەڵکوژییە."

هاوکات، جۆ بایدن، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەی سەرۆکایەتی ئەمریکا، پەیمانی داوە بە فەرمی دانبنرێت بە کۆمەڵکوژی ئەرمینیاییەکاندا، ئەگەر بێتوو وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت.

ئەمەش ئەو هەنگاوەیە کە سەرۆکەکانی ئەمریکا خۆیان لێ لاداوە.

XS
SM
MD
LG