Accessibility links

حەسەن ڕۆحانی: تاران بە وردی چاودێری ئەمەریکا دەکات بەڵام دەستپێشخەری شەڕو ئاڵۆزی ناکات


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی دەڵێت تاران لە نزیکەوە چاودێری چالاکییەکانی ئەمەریکا دەکات، بەڵام هەرگیز دەستپێشخەری گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە ناکات. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران دەڵێن ڕۆحانی ئەم لێدوانەی ڕۆژی شممە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەمیری قەتەر شێخ تەمیم بن حەماد ئەلسانی داوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاستی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەرزبۆتەوە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێن لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە ڕۆحانی بەبۆنەی دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزانەوە ئەنجامی داوە گوتویەتی " کۆماری ئیسلامی ئێران چاودێری چالاکیی و هەنگاوەکانی ئەمەریکا بە وردی دەکات، بەڵام هەرگیز نابێتەوە ئەو لایەنەی کە خۆی شەڕ و ناکۆکی لە ناوچەکەدا دەستپێبکات."

سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند "فرمانم داوە بە هێزی دەریایی ئەمەریکا بۆ تێکشکاندنی هەموو بەلەمە جەنگییەکانی ئێران ئەگەر گێچەڵیان بە کەشتیەکانمان کرد لە دەریادا."

لە سەرەتای ئەم مانگە لەشکری ئەمەریکا ڕایگەیاند 11 کەشکی سوپای پاسدارانی ئێران لە کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا و پاسەوانانی دەریا لە کەنداو نزیک بوونەتەوە، و ئەو هەنگاوەی بە مەترسیدار و وروژێنەر لەقەڵەم دا.

XS
SM
MD
LG