Accessibility links

گەورە سیناتۆرێکی ئەمریکا پشتیوانی لە فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ دژ بە پاسداران دەکات


لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆماری پشتیوانی خۆی ڕاگەیاند بۆ فرمانەکەی سەرۆک ترامپ بۆ لێدانی هەر بەلەمێکی ئێرانی کە ببێتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.

سیناتۆر گراهام دەڵێت ئەوە بڕیارێکی دروستە و جەختیش دەکاتەوە لەوەی بەکارهێنانی هێز باشترین چارەسەرە بۆ سەروسەوداکردن لەگەڵ ئێراندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لیندسی گراهام، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی "پشتیوانییەکی تەواوەتی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ دەکەین بۆ ڕێگەپێدانی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا تا بەرەنگاری هەر هەڕەشە و مەترسییەک ببنەوە کە سەرچاوەکەی ئێرانە."

سیناتۆر گراهام دەڵێت "سەرۆک ترامپ، بە تێپەڕبوونی کات هێزی خۆتت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەلماند، ئەمەش تەنها ڕێگەیەکە بۆ سەروسەوداکردن لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەکاندا. دەستخۆش گەورم سەرۆک."

سەرۆک ترامپ لە ئەژماری خۆی لە تویتەر نوسیبووی "فرمانم داوە بە هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ تێکشکاندنی هەموو بەلەمە جەنگییەکانی ئێران ئەگەر گێچەڵیان بە کەشتیەکانمان کرد لە دەریادا."

سەرۆک ترامپ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە ڕۆژانەکەیدا کە تایبەتن بە لێدوان لەسەر دواترین پەرەسەندنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پرسیاری لێکرا سەبارەت بە تێکشکاندنی بەلەمە جەنگیەکانی ئێران، لە وڵامدا ئاماژەی بەوەکرد هەرگیز ئەمریکا قایل نابێت بەوەی کەشتیەکان و سەربازەکانی ناو ئەو کەشتیانەمان بخرێنە بەر مەترسییەوە.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "هەرگیز ڕێگە بەوە نادەم، هەر بەتەواوەتی لەناویان دەبەین کاتێک بەلەمە جەنگییەکانیان بە چەکی قورسەوە نزیک دەبنەوە لە کەشتییەکانمان، دەیانتەقێنینەوە."

کۆمارییەکان پشتیوانییەکی گەورەی ئەم هەڵوێستەی بەڕێوبەرایەتی ئەمریکا دەکەن کە دەخوازن هێز نیشان بدرێت.

XS
SM
MD
LG