Accessibility links

لەبەر مەترسی کۆرۆنا عێراق گیراوەکان ئازاد دەکات


ئەنجومەنی دادوەری عێراق ڕایگەیاندوە کە تا ڕۆژی 22 مانگی چوار 20040 تاوانباری ئازاد کردووە، وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گرتوخانەکاندا.

ئەنجومەنی دادوەری جەختی کردۆتەوە لەوەی دادگاکانی سزادان بڕیاری ئازادکردنی گیراوەکان دەدات و ئەم بڕیارانەش بەپێی ڕێنوماییەکانی ئەندامانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە وڵاتەکەدا.

لە ناوەڕاستی مانگی 3دا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تەواوی ئەو گیراوانە ئازاد دەکرێن کە بۆ لێکۆڵینەوەکردن هێڵراونەتەوە. ئەم بڕیارەش بۆ تەواوی پارێزگاکانی عێراق بووە.

بەڵام زۆرێک لە چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن دەڵێن، ئەو بڕیارانەی وەزارەتی ناوخۆ، خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی نەگرتۆتەوە.

زۆر جار، ڕێکخراوە سیڤیلیەکان، ئاماژەیان بە باری خراپ و کارەساتاوی ڕەوشی زیندان و گرتوخانەکانی عێراقیان کردووە، بەتایبەتیش لەم سەروەختەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکاتی ئەوەی گرتوخانەکانی وڵاتەکە وەک ئەم ڕێکخراوانە دەڵێن دوو یان سێ هێندە زیاتر لە ژمارەی دیاریکراو بۆ زیندان و گرتوخانەکان، گیراویان تیادایە.

پێشتر نێوەندی تۆمارکردنی تاوانەکانی جەنگ، ڕایگەیاند کە 6 کەس لە نێو گیراوەکاندا بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و جەختیشی کردۆتەوە لەوەی دەسەڵاتدارانی عێراقی ئەو مردنانەیان پەردەپۆش کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی زانکۆی جۆن هۆپکینز، تا ئێستا لە عێراق نزیکەی 1361 کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و نزیکەی 85 کەسیش گیانیان لەدەستداوە بەهۆی کۆڤید19ەوە.

XS
SM
MD
LG