Accessibility links

پسپۆڕانی تەندروستی ئاگاهی دەدەن لەبارەی شەپۆلی دووهەمی کۆرۆناوە


ڕۆبێرت ڕێدفیڵد

بەڕێوبەری نێوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان و خۆپاراستن لە ئەمریکا ئاگاهی دەدات بەوەی شەپۆلی دووهەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراپتر دەبێت، چونکە دەشێت هاوکات بێت لەگەڵ وەرزی ئەنفلۆنزادا.

ڕۆبێرت ڕێدفیڵد لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بە دووری نەزانیوە کە لە وەرزی زستاندا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر قورستر بێت لەو بڵاوبوونەوەیەی کە ئێستا هەیە، چونکە بڵاوبوونەوەکە هاوکات دەبێت لەگەڵ پەتای ئەنفلۆنزادا.

بەپێی ڕای بەڕێوبەری نێوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان و خۆپاراستن، بڵاوبوونەوەی ئەو دوو جۆرە ڤایرۆسە لە یەک کاتدا، وەک دەڵێت " فشارێکی بێپێشینە" دروست دەکات لەسەر سیستەمی تەندروستی ئەمریکا.

ئەم لێدوانەی ڕیدفیڵد لەکاتێکدایە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا، هەژانێکی گەورەی لە سیستەمی تەندروستیدا دروستکردوە و هەروەهاش کەموکوڕیەکانی ئەم سیستەمە تەندروستیەی دەرخستووە.

ڕێدفیڵد، داوای لە بەرپرسانی حکومەتی فێدراڵی و هەروەهاش لە کاربەدەستانی ستانەکان کردووە تا لەم 3 مانگەی داهاتوودا ئامادەکاری بکەن بۆ خۆپاراستن و هەروەهاش جەخت دەکاتەوە لە درێژەپێدانی دوورکەوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و فراوانکردنی تواناییەکان بۆ پشکنینی تەندروستی.

ڕۆبێرت ڕێدفیڵد، داوا لە هەموو کەسێکیش دەکات کوتانەکانی دژە ئەنفۆلۆنزا بەکاربهێنن.

پێشتریش پیتەر ماکس، بەڕێوبەری نێوەندی لێکۆڵینەوە بایۆلۆژیەکان لە ئەمریکا کە سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی کوتانەکان دەکات دژ بە ڤایرۆسەکان، ئاگاهیدابوو سەبارەت بەوەی جیهان شەپۆلی دووهەم و سێهەمی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە دەبینێت ئەگەر بێتوو ڤاکسینێکی بۆ نەدۆزرێتەوە.

لە ئێستادا زیاتر لە 825 هەزار کەس لە ئەمریکا توشی کۆڤید 19 بوون و زیاتر لە 45 هەزار کەسیش بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG