Accessibility links

سەرۆک ترامپ کۆچکردن بۆ ئەمریکا ڕادەگرێت


سەرۆک ترامپ دەڵێت بڕیارێک مۆر دەکات بۆ هەڵپەساردنی کۆچکردن بۆ ئەمریکا.

لە نوسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "ئەم بڕیارە کاتیی دەبێت" و مەبەستیش لێی پاراستنی کارەکانی هاوڵاتیانی ئەمریکاییە لەم سەروەختی قەیرانی کۆرۆنایەدا. سەرۆک ترامپ ڤایرۆسی کۆرۆنای بە هێرشی دوژمنێکی نەبینراو ناودێرکردوە.

سەرۆک ترامپ وردەکارییەکی ئەوتۆی ئەو بڕیارەی باس نەکردووە، تەنها ئەوەندە نەبێت دەڵێت بڕیارێکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لە ئەمریکادا.

لە مانگی 3دا بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ سنورەکانی لەگەڵ کەنەدا و هەروەها مەکسیکۆشدا داخست بەڕووی ئەو جۆرە هاتوچۆیانەی پێویست نین. بێ لە داخستنی سنورەکان، ڕێگەش نەدراوە خەڵکی بیانی بێنە ناو ئەمریکاوە، ئەوانەی لە 14 ڕۆژی ڕابردوودا لە وڵاتانی وەک چین و ئێران و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی زانکۆی جۆن هۆپکینز، ئەمریکا لە هەموو وڵاتێکی جیهان زیاتر زیانی لێکەوتووە بەهۆی کۆڤید 19وە.

تا ئێستا بەپێی ڕاپۆرتەکان زیاتر لە 785 هەزار کەس لە ئەمریکادا هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و زیاتر لە 42 هەزار کەسیش بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

چاودێر وەهایان پێشبینی دەکرد، ئەو ڕێوشوێنانەی لە ئەمریکادا سەپێنران بۆ بەرەنگاربوونەوە و کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەبنە مایەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە وڵاتەکەدا. بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا، ئەو ڕێژەیە لە ئێستادا هەروادێ و بەرزتر دەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG