Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ناسر باباخانی باس لە ئەنفال دەکات لە ویژدانی نەتەوەیەکدا


ئەنفال، 182 هەزار گوڵی نیشتمانی کوردانی هەڵوەراند، بەڵام نەیتوانی خەونی هیچ یەکێک لەو گوڵانە زیندان بکات.

ئەنفال، هەموو ژیاندۆستی و مرۆڤ دۆستی دنیای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیشی خستە ژێر پرسیار و گومانی گەورەوە، گەورەتر و درەوشاوەتر لە پرسیارەکانی سەروەختی هەر ژینۆسایدێک کە کرابێت.

ئەنفال، جیهانی مافەکانی مرۆڤی وەک جوانترین درۆی ئەو سەروەختە بۆ پێناسەکردین.

ئەنفال، نەتەوەیەکی خستە بەردەم بیرکردنەوەیەکی نوێوە کە سەرچاوەکانی ئەم قڕکردنە، هەر تەنها لە ئاین و ستراتیژیەتی حزبێکی وەک بەعسدا سنوردار نییە.


میوانی بەرنامە:

ناسر باباخانی، نوسەر و لێکۆڵەر

ئەنفال، هەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیەک لە نیشتمانێکی شەقار شەقاردا، دەستێک بوو بۆ دابڕانی کورد لە خاک.

لە ئەنفالەکەی 1988ەوە تا ئێستاش دایک هەن لە نیشتمانی کورداندا لە بانگی بەیانییەوە تا دوای نوێژی خەوتنانیش لەبەردەرگای حەوشی ماڵی چۆڵ و هۆڵدا چاوەڕوانی گەڕانەوەی مێرد و کوڕ و کەسوکاری تریەتی.

لە ئەنفالەکەی 1988ەوە هەزاران هەزار منداڵ لەژێر لێوەوە دەپرسن، ئەی ئەوە بۆ من باوک و برا و خوشکم نییە وەک ئێوە؟!

لە ئەنفالەکەی 1988دا، هەزاران نامە ون بوون، هەزاران پەیام سەرگەردان بوون، هەزاران ئەستێرە لە جریوە کەوتن، هەزاران پرسەی بێکۆتایی دانران، هەزاران کۆتایی نەیاندەزانی چۆن دەستپێبکەنەوە، هەزاران پێدەشتی نیشتمان خۆی لە عەرشی شاخ دەسوو، هەزاران کورە دامرکانەوە، هەزاران درەخت سەریان هەڵگرت، هەزاران تەماشا کوژانەوە.

لە ئەنفالدا مێژوو گۆڕدرا، قیامەتێک داخرا بۆ نەتەوەیەک، پشکۆکانی ئاوری ئەو قیامەتە دۆزەخییەش دەچزێن بە یادەوەری نەتەوەیەکدا، لە هەموو بیابانێکدا مەرگ دەبینێت و بیابان هێماو سیمبۆلەکانی مەرگ دۆستی بیر دەخاتەوە، ئێ ئاخر لەوێوە سەفەر بۆ دنیای فەنا دەستپێدەکات، ئەو سەفەرە نامورادیانەی لە ویژدانی نەتەوەیەکدا دەمێنێتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:39 0:00


XS
SM
MD
LG