ژمارەی ئەوانەی لە ئەوروپا بەهۆی کۆڤید 19ەوە گیانیان لەدەستداوە 100 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
بەپێی ئەم ئامارە نوێیە، نزیکەی یەک لەسەر سێی زیانە گیانییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا لە ئەوروپادایە.
بەپێی ئەم ئامارەی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردۆتەوە، یەک ملیۆن و سەد و سی شەش هەزار و شەشسەد و حەفتا و دوو کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و لەو ژمارەیەش100501 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەمەش کیشوەری ئەوروپا دەبێتە زیانلێکەوتووترین کیشوەر لە جیهاندا.
لە ئەوروپاشدا وڵاتی ئیتالیا بە پلەی یەکەم دێت لە زیانە گیانییەکاندا، 23227 کەس و ئیسپانیا 20043 کەس و فەڕەنسا 19323 کەس و ئەوجا بەریتانیا 15464 کەس مردوون بە کۆڤید 19.
لە جیهانیشدا تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە 2281334 کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و لەسەرجەم ئەو ژمارەیەش زیاتر لە 157539 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی وڵاتانی جیهان.