Accessibility links

زیاتر لە 22 ملیۆن کەس لە ئەمەریکا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کارەکانیان لەدەستدەدەن


وەزارەتی کاری ئەمەرکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا هەتادێت زیاتر زیان دەگەیەنێت بە ئابوری ئەمەریکا لە کاتێکدا 5 ملیۆن و 2 سەد هەزار کەسی تر لە ماوەی هەفتەی ڕابوردوودا داخوازینامەی هاوکاری بێکارانیان پڕکردۆتەوە.

لە ماوەی چوار هەفتەی ڕابوردوودا 22 ملیۆن کەس لە ئەمەریکا کارەکانیان لەدەستداوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا کاریگەری تەواوی داخستنی بازاڕەکان دەربکەوێت.

لەوەتای داڕمانی گەورەی ئابوری ئەمەریکا لە ساڵی 1930یەکانەوە بەم شێوەیە ئاستی بێکاری لە ئەمەریکا بەرز نەبووە.

ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان دەستبەجێ هەر لە مانگی ڕابوردۆوە خەڵکیان لە کارەکانیان دەرکرد لە کاتێکدا ژمارەیەکی تر لە کۆمپانیاکان بەڵێنیان دا بۆ چەند هەفتەیەک موچە بدەن بە کارمەندەکانیان هەرچەندە کارێکی زۆر کەمیان هەبوو بیکەن. بەڵام لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکان کارکەرەکان لەکاردەخەن لە کاتێکدا کاریگەرییەکای قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری هەتادێت زیاتر دەردەکەوێت.

ئابوری ناسان دەڵێن ئابوری ئەمەریکا، کە گەورەترین ئابوری جیهانە، لەسەدا 10.8 لە یەکەم سێ مانگی ئەم ساڵ دابەزیوە ئەمەش زۆرترین ڕێژەیە لەوەتای جەنگی جیهانی دووهەمەوە.

XS
SM
MD
LG