Accessibility links

لە ئیسپانیا مشتومڕ لەسەر ژمارەی زیانە گیانیەکانی کۆرۆنا دروست دەبێت


ئیسپانیا دەڵێت 551 کەس بەهۆی کۆڤید 19ەوە گیانیان لەدەستداوە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا.

هەتا ئێستا، وەک وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیا ڕایدەگەیەنێت 19130 کەس بەم پەتایە گیانیان لەدەستداوە.

لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خراپی تیایاندا بڵاوبۆتەوە، ئیسپانیا بە پلەی سێهەم دێت لەپاش ئەمریکا و ئیتالیا.

ڕۆژی چوارشەممە، ئیسپانیا ڕایگەیاند 523 کەس لە ئاکامی توشبوونیان بە کۆڤید 19 مردوون.

گومان لەسەر ئەم ئامارانە هەن کە وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە بڵاویان دەکاتەوە. حکومەتە خۆجێییەکان لە مەدرید و کاتالۆنیا باس لە هەزاران کەسی تر دەکەن کە بەهۆی ئەم پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە و ناویان تۆمار نەکراوە.

لەگەڵ ئەم مشتومڕەی لەسەر ژمارەکان هەن لە ئیسپانیا، بەڵام دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە جەخت دەکەنەوە لەوەی قۆناغە هەرە مەترسیدارەکەی ئەم پەتایە لە سەرەتاکانی مانگی چواردا تێپەڕێندراوە.

لە ناوەڕاستی مانگی سێدا، ئیسپانیا ڕێوشوێنی زۆر قورسی گرتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بە یەکێک لە قورسترین ڕێوشوێنەکان دادەنرا لە ئەوروپادا.

XS
SM
MD
LG