Accessibility links

یو ئێن و چین ڕەخنە لە بڕیارێکی سەرۆک ترامپ دەگرن


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ئێستادا کات گونجاو نییە بۆ کەمکردنەوەی سەرچاوە داراییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئەنتۆنیۆ گۆتیریش دوابەدوای بڕیارەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ بوو بۆ ڕاگرتنی ئەو داراییەی ئەمریکا دەیدا بە ڕیکخراوی تەندروستی جیهانی، وەک سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەو بڕیارە بەهۆی چۆنیەتی سەروسەوداکردنی ڕێکخراوەکەوە بووە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، کاتەکە گونجاو نییە بۆ کەمکردنەوەی سەرچاوە داراییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تری کار لەسەر لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن، وە دەشڵێت ئێستا کاتی یەکگرتوویی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە تا پێکەوە کار بکرێت بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەکە و هەروەهاش ئەو کاریگەریە وێرانکاریانەی کۆڤید 19 هەیەتی.

ئەمڕۆش چوارشەممە، چین داوای لە ئەمریکا کردووە تا پابەندبێت بە وابەستەییەکانیەوە بەرامبەر ئەم ڕێکخراوە جیهانیە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا پرسیارێکی لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا بێژینگ بەشداری دەکات لە پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا یان نا؟وەڵامی وتەبێژەکەوەڵامێکی نادیار بوو و خۆی لادا لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە و تەنها ئەوەندەی وت " چین تاووتوێی دۆسێکانی پەیوەنددار دەکات بەپێی پێداویستیەکان."

ئەمریکا گەورەترین سەرچاوەی دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بووە و ساڵی 2019 زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلاری بەخشیوە بەم ڕێکخراوە کە بنکەی لە ژنێڤە.

چین دەڵێت لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی 2 ملیۆن کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەش لە ئێستادا چۆتە قۆناغێکی قورس و هەستیاریشەوە، هەربۆیە ئەم بڕیارەی واشنتۆن کاریگەری دەبێت بەسەر هەموو وڵاتانی جیهانەوە.

XS
SM
MD
LG