Accessibility links

پاپا داوای هێورکردنەوەی سزاکانی سەر وڵاتان دەکات


پاپا فرانسیس پیرۆزبایی جەژنی قیامە لە کریستیانەکان دەکات لە ڤاتیکانەوە کە ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە چۆڵ بوو.

ساڵی پار، بەلانیکەم 70 هەزار کەس ئامادەی ئەو مەڕاسیمی جەژنە بوون تا بتوانن ڕاستەوخۆ گوێیان لە پاپا بێت و هەروەهاش بەشداری لە ئاهەنگەکانی ئەم بۆنەیەدا بکەن کە بە گرنگترین جەژنی کریستیانەکان دادەنرێت.

لە پەیامەکەیدا پاپا فرانسیس ژمارەیەک داوای لە وڵاتانی جیهان کرد، لەوانە، کەمکردنەوە یان لادانی قەرزی سەر وڵاتانی هەژار وو سوک کردنی ئەو سزایانەی سەپێندراونەتە سەر هەندێک وڵات و هەروەهاش داوای یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپای کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جارێکی تریش پاپا داواکەی خۆی دووبارەکردەوە بۆ ئاگربەستی تەواوەتی و سەرتاسەری لە جیهاندا.

پاپا فرانسیس دەڵێت " کات گونجاو نییە بۆ دروستکردنی چەک و بازرگانی پێوەکردنی، یان بە هەدەردانی بڕی زۆری پارە، لەبری ئەوانە، باشترە بۆ چارەسەرکردنی خەڵک و ڕزگاکردنی ژیانی خەڵک بەکاربهێنرێت."

پاپا بەتایبەتی باسی لە یەمەن و سوریا کرد، هەروەها عێراق و لوبنان و قەیرانی نێوان ئیسرائیلی فەلەستینیەکان و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و هێرشی تێرۆریستیانەی دژی خەڵکی بێتاوان لە ئافریکا و هەروەهاش کارەساتی مرۆیی کۆچبەران.

پاپا داوایەکی تایبەتیشی لە ئەوروپاییەکان کرد، تا ئەو گیانی هاوکارییەی پێشوو هەبووە ببوژێننەوە، وەک دەڵێت " هەر ئەو گیانی هاوکارییەبوو وەهای کرد ناکۆکییەکانی پێشتر تێبپەڕێندرێن و بەتایبەتیش ئەوانەی لە دوای دووهەم شەڕی جیهانیەوە دروست بووبوون."

XS
SM
MD
LG