Accessibility links

بەریتانیا کۆمەکێکی دارایی تەرخان دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید 19


بەریتانیا 200 ملیۆن پاوەن تەرخان دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڤید 19 و هەروەهاش بۆ خۆ لادان لە شەپۆلێکی تری ئەم پەتا کوشندەیە.

وەزارەتی پەرەپێدانی بەریتانیا لە ڕاگەیاندنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا ئاماژەی بەوەکردووە ئەم بڕە پارەیە دەدرێت بە ڕێکخراوە جیاوازە بەریتانیایی و نێونەتەوەییەکان، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی نێونەتەوەیی خاچی سور.

وەزیری پەرەپێدانی بەریتانیا دەڵێت ڤایرۆسی کۆرۆنا سنورەکان ناناسێت ، ناتوانرێت گەلی بەریتانیا پارێزراوبێت ئەگەر بێتوو یارمەتی و کۆمەکی وڵاتانی جیهانی سێهەم نەدرێت بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی سیستەمی تەندروستی وڵاتەکانیان.

بەریتانیا بە بەراورد لەگەڵ هەوڵی وڵاتانی دراوسێیدا، دواکەوت لە دانان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وە بووە یەکێک لەو وڵاتە ئەوروپاییانەی بەهۆی ئەم پەتایەوە زیانێکی زۆری لێکەوت.

دواترین ئاماری زیانەکانی کۆڤید 19، وەک کاربەدەستانی بەریتانیایی بڵاویان کردۆتەوە، مردنی زیاتر لە 8958 کەسە لە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەدا.

وەزیری پەرەپێدانی بەریتانیا دەڵێت ئەم یارمەتی و کۆمەکەی وڵاتەکەی دابینی کردووە، ڕێگەیەکە بۆ پاراستنی بە ملیۆنان خەڵک لە وڵاتانی هەژاردا لەوەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بن و هەروەهاش ڕێگەگرتنە لەوەی شەپۆلێکی تری ئەم پەتایە لە بەریتانیا بداتەوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، بە گەرمی پێشوازی لەم یارمەتییەی بەریتانیا کرد.

تێدروس ئیدهانوم دەڵێت " هەموومان لە یەک کەشتیداین و ئەم یارمەتییە داراییەی بەریتانیا دابینی دەکات، یانی پاراستنی تەندروستی جیهانی، یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستی بەریتانیاییەکان."

پێشتر سەرۆک ترامپ، ئاگاهیدا، بەو ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەوەی پارەی ئەمریکای لێدەبڕێت و بە داشکان بەلای چیندا گوناهباری کرد، بەڵام ڕۆژی هەینی وتی لەم هەفتەیەدا ڕاگەیاندنێک دەدات سەبارەت بە دابین کردنی دارایی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ڕێکخراوەکە. یارمەتییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو ڕێکخراوە بە گرنگترین یارمەتییە داراییەکانی ڕێکخراوەکە دادەنرێت.

XS
SM
MD
LG