Accessibility links

ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دەگاتە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس


ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەمەریکا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لە نیو ملیۆن کەس تێپەڕ بوو و زیاتر لە 18 هەزار و شەش سەد کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

شارەزایانی تەندروستی گشتی هۆشداری ئەوەیان داوە بۆی هەیە هەتا 200 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە لە ئەمەریکا گیانیان لەدەست بدەن ئەگەر ڕێنوماییەکانی مانەوە لە ماڵەوە بەجێ نەگەیەنن.

سەرۆک ترامپ کە هەوڵ دەدات لە مانگی 11ی ئەمساڵدا بۆ خولی دووهەمی سەرۆکایەتی هەڵبژێردێتەوە ڕایگەیاندبوو دەخوازێت بە زووترین کات ژیان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی لە کاتێکدا سنوردارکردنی هاتوچۆ بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤد19 زیانێکی زۆری بە ئابوری و تەندروستی گشتی گەیاندووە.

ڕۆژی هەینی سەرۆک ترامپ بە پەیامنێرانی گوت " من بڕیارێک دەدەم و نزا دەکەم بڕیارێکی ڕاست بێت، ئەمەش گەورەترین بڕیار دەبێت کە تا ئێستا دابێتم".

ترامپ گوتیشی ڕاستییەکان بڕیار لەسەر هەنگاوی داهاتوو دەدەن. کاتێک پرسیاری لەسەر ئەوە لێ کرا چ پێوانەیک بەکار دە‌هێنێت بۆ بڕیارەکانی ئەو دەستی برد بۆ نێوچەوانی گوتی " ئەم پێوانەیە، ئەمە پێوانەی منە."

لە ئێستادا ڕێنوماییەکانی فێدراڵی هەتا 30 مانگی چوارە. پاشان دەبێت سەرۆک بڕیار بدات ئایە داخستنی کاروبارەکان درێژدەکرێتەوە یان یان دەستدەکات بەوەی خەڵکی هانبدات بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان و ژیانی ئاسایی دەستپێبکاتەوە.

سەرۆک ترامپ گوتی لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجومەنێکی نوێی ڕاوێژکاری ئاشکرا دەکات کە بریتیش دەبێت لە فەرمانڕەوایانی چەند ویلایەتێک و تیشک دەخەنە سەر پرۆسەی کردنەوەی ئابوری ئەمەریکا.

ژمارەی ئەو ئەمەریکاییانەی کە هەوڵی بەدەستهێنانی هاوکارییەکانی حکومەت بۆ بێکارەکان دەدەن لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابوردوودا گەیشتۆتە 15 ملیۆن کەس.

حکومەت دەڵێت لە مانگی 3 دا 701 هەزار کار لەدەست دراوە.

دکتۆر ئەنتنی فاوچی پسپۆڕی باڵای حکومەت بۆ نەخۆشییەکان و کاربەدەستانی تری تەندروستی ئاماژەیان بەوە کردووە کەمبوونەوەی ڕێژەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەونە نەخۆشخانە و یەکەی چاودێری وردی تەندروستی بە تایبەتی لە ویلایەتی نیویۆرک نیشانەی ئەوەیە کە ڕێوشوێنەکانی دوورکەوتنەوەی خەڵکی لە یەک کار دەکات.

بڕیاری مانەوە لە ماڵەوە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوو لە 42 ویلایەتی ئەمەریکا دراوەو.

XS
SM
MD
LG