Accessibility links

مستەفا سەلیمی یەکێک لە زیندانییە هەڵاتووەکانی سەقز لەلایەن ئێرانەوە لە سێدارە دەدرێت


مستەفا سەلیمی

سەرچاوە هەواڵییەکان ڕادەگەیەنن بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە سزای مەرگ بەسەر مەستەفا سەلیمی زیندانی سیاسی کورد لە گرتووخانەی سەقز جێبەجێکراوە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە مستەفا سەلیمی یەکێک بووە لەو زیندانیانەی لە کۆتایی مانگی ڕابوردوودا توانیان لە گرتووخانەی سەقز هەڵبێن. هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەکەن پاش هەڵاتینی ئەو گەیشتبوو بە هەرێمی کوردستان بەڵام دوواتر لە پێنجوێن دەستگیر کراوەو ڕادەستی ئێران کراوەتەوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان سەرکۆنەی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ئێران دەکات و هەروەها لە بڵاوکراوەیەکدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ڕاستی ئەو ئەو هەواڵە بۆ ڕای گشتی و ڕێخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕوون بکاتەوە کە باس لە ڕادەستکردنەوەی ئەو هاووڵاتییە بە دەسەڵاتدارانی ئێران لەلایەن هێزی فەرمییەوە دەکات.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکی ڕۆژی شەممەدا ڕایگەیاندووە ئێران کەسێکی لەسێدارە داوە کە گوایە سەرپەرشتی هەڵاتنەکەی مانگی ڕابوردوی کردووە. ڕۆژنامەکە لە زاری ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێرانەوە دەڵێت مستەفا سەلیمی دوو پۆلیسی لە میانەی هەڵاتنەکەدا کوشتووە.

لە 27 ی مانگی 3 نزیکەی 70 زیندانی لە گرتووخانەی ناوەندی سەقز هەڵاتن. ئاژانسی تەسنیم لە زاری دادپارێزە خۆجەهییەکانەوە دەڵیت 65 لەوانە دەستگیرکراونتەوە و هێشتا بەدوای ئەوانیتردا دەگەڕێن

XS
SM
MD
LG