Accessibility links

حکومەتی تورکیا بەرنوسی یاسایەکی تایبەت بە کارکردن دەنێرێتە پەرلەمان


حکومەتی تورکیا بەنیازە هەفتەی داهاتوو بەرنوسی یاسایەک بخاتەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە.

ئەم بەرنوسە دەرکردنی کرێکار وکارمەندان بە شێوەیەکی کاتی لە کارەکانیان قەدەغەدەکات.

دوو بەرپرسی باڵای تورکیا ئەمڕۆ پێنج شەممە بە ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، مەبەست لەم بەرنوسە ڕاگرتنی هەڵکشانێکی چاوەڕوانکراوە لە ڕێژەی بێکاری لە تورکیادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

زۆرێک لە هاوڵاتیان لە تورکیا کارەکانیان ڕاگرتوە لەو کاتەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بازاڕەکان و باڕەکان و کافیتریاکانیان داخستوە وهەروەها کارداریەکانیش ، وەک هەوڵێک بۆ سنوردارکردنی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری کاربەدەستانی تورکیاوەدەڵێت؛ بەرنوسی یاساکە بە شێوەیەکی کاتی دەرکردنی کارمەندان بەلانیکەم بۆ ماوەی سێ مانگ قەدەغەدەکات.

یەکێک لەو کاربەدەستانەی تورکیا دەڵێت، بڕیارە بەرنوسی یاساکە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و هەتا چەندێک بکرێت بە خێرایی پەسەندبکرێت .

حکومەتی تورکیا پێشنیازیکردوە لە سەدا 60 کرێی کارمەندان بدات ، ئەوانەی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی پێگەیاندوون .

هاوکات بانکەکانی دەوڵەتی تورکیا قەرزیان داوەتە کۆمپانیاکانی وڵاتەکە، کە لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کارمەندەکانیان دەهێڵنەوە و دەریان ناکەن.

بە هاوڵاتیانی تورکیا گوتراوە هەتا دەتوانن لە ماڵەکانیان بمێننەوە و خۆیان لە تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی بەدوور ڕابگرن، بەڵام هەندێ لە تورکەکان هێشتا هەر دەچنە سەر کارەکانیان ئەمەش هاوکاتی ئەوەی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆگان هەوڵدەدات درێژە بە بەرهەمی ئابوری و هەناردەکردنەکانی تورکیا بدات .

XS
SM
MD
LG