Accessibility links

بۆ یەکەمین جار ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر دۆسێی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە


ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دەکات، ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا.

دۆسێی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جیهاندا لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا دابەشبوونێکی بەرچاوی لە نێوان پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا دروستکردووە، بەپێی لێدوانەکانی ڕۆژی دووشەممەی ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران.

9 وڵاتی ئەندام لە سەرجەم ئەو دە وڵاتەی ئەندامی هەمیشەیی نین لە ئەنجومەنی ئاسایشدا، لە هەفتەی ڕابردوودا و پاش بێزاربوونیان لەو ململانێ و ناکۆکیانەی لەسەر ئەم دۆسێیە هەیە لەناو ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا و بە تایبەتیش لە نێوان ئەمریکا و چیندا، داوایان لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کۆبوونەوەیەک لەسەر پەتای کۆڤید 19 بکرێت.

دیپلۆماتێک لە ئەنجومەنی ئاسایش، بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت، بە ئاژانسی دەنگ و باسی فرانس پرێسی وتووە ڕۆژی پێنجشەممە، کاتژمێر 7ی ئێوارە بە کاتی گرینج،ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی داخراو دەکات و لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە دەبێت.

بەپێی لێدوانی دیپلۆماتکاران، هێشتا نادیارە ئایا لەو کۆبوونەوەیەدا چی دەکرێت و چۆن دەڕوات بەڕێوە و ئایا ناکۆکییەکانی نێوان ئەندامانی ئەنجومەن وەک خۆی دەهێڵێتەوە، یان دەبێتە هۆکارێک بۆ دەرخستنی خواستی ئەندامان تا پێکەوە کار بکەن و هاوکاری یەکتربن.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن دەشێت یەکێک لە هۆکاری ناکۆکیەکان، سووربوونی واشنتۆن بێت لەسەر ئەوەی هەر بڕیارێک یان ڕاگەیاندنێک لە ئەنجومەنی ئاسایش بدرێت یان بڵاوبکرێتەوە، دەبێت بەندێکی تیادابێت سەبارەت بە چین وەک زێدی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمەش شتێکە بێژینگ زۆر بە توندی ڕەتی دەکاتەوە.

ئەڵمانیا، بەلژیکا، ئیستۆنیا، تونس، ئیندەنۆسیا، ڤیەتنام، کۆماری دۆمەنیکان، دەوڵەتی سانت فینسنت و گرەنەدینس و هەروەها نەیجەر، داوای ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی ئاسایشیان کردووە.

لە نێو ئەو 10 وڵاتەی ئەنجومەنی ئاسایش کە ئەندامی هەمیشەیی نین و مافی ڤیتۆ کردنیان نییە، تەنها ئافریکای باشور داوای ئەو کۆبوونەوەیەی نەکردووە، وەک دەڵێت، پەتای کۆرۆنا لەم کاتەدا قەیرانێکی تەندروستی و ئابوریە، لەکاتێکدا ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایش پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەییە، هەر بۆیە لەم ڕەوشەی ئێستادا باسکردنی ئەم پەتایە پەیوەندی بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نییە.

XS
SM
MD
LG