Accessibility links

ئاماری زیانە گیانییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران


بەپێی ئامارە فەرمییەکانی لە ئێران بڵاودەکرێنەوە پێدەچێت دابەزینێکی زۆر کەم لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەبێت و هاوکات تاران ئاگاهیداوە کە هێشتا بڵاوبوونەوەی کۆڤید 19 کۆنترۆڵ نەکراوە.

دەمڕاستی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 136 کەس لە ئێران بە پەتای کۆرۆنا مردون و بەمەش سەرجەم ژمارەی ئەوانەی لە ئێراندا لەوەتای بڵاوبوونەوەی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە وەک ئێران خۆی دەڵێت "گەیشتۆتە 3739 کەس."

کیانوش جەهانپور، دەڵێت هەر لەم 24 کاتژمێرەی ڕابردوودا 2274 کەسی نوێ تۆمارکراون کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان.

بەپێی لێدوانەکانی کاربەدەستانی ئێران تا ئێستا 60500 کەس لە ئێراندا هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان.

بەپێی ئەم ئامارانەی ئێران بڵاویان دەکاتەوە، ئەوا بۆ شەشەم ڕۆژی لەسەریەکە، ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا کەم دەبێتەوە، بەڵام هێشتاش بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریدا، ئێران لە هەموویان زیاتر پەتاکەی تیادا بڵاوبۆتەوە.

زۆرێک لە نێوەندەکان لە دەرەوەی ئێران گومانیان هەیە لەوەی ئەو ئامارانەی ئێران بڵاویان دەکاتەوە، ئاماری ڕاست بن و دەڵێن ئەو ئامارانە کەمترن لەو ژمارانەی لە ڕاستیدا هەن.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران وتوویەتی، ئەگەر بێتوو وابەستەیی نەبێت بە ڕێنومایی و ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە کۆڤید 19، ئەوا دەشێت چارێکی تر وڵاتەکە بکەوێتە ناو ڕەوشێکی قورسەوە.

XS
SM
MD
LG