Accessibility links

یونامی لە عێراق تاووتوێی ڕەوشی تەندروستی وڵاتەکە دەکات


نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری وڵاتەکەدا کۆدەبێتەوە بۆ باسکردنی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکانی وڵاتەکەدا.

جینین بلاسخارت، بەر لە کۆبونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی لەگەڵ دادوەر فایەق زەیدان، ڕۆژی شەممە لەگەڵ عەدنان ئەلزورفی، ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرەک وەزیری نوێی عێراقیشدا کۆبووەوە، بۆ تاووتوێکردنی ڕەوشی تەندروستی لە وڵاتەکەدا.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بۆتە مایەی گیان لەدەستدانی 56 کەس و هەروەهاش توشبوونی زیاتر لە 800 کەس بە کۆڤید 19 بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق.

بەڵام ئاژانسی دەنگ و باسی فرانس پرێس لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەشێت ئەو ژمارانە کەمتر بن لەوەی لە ڕاستیدا هەن، چونکە وەک لە ڕاپۆرتەکەدا باسکراوە کەمتر لە 3 هەزار کەس پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کراوە لەسەرجەم 40 ملیۆن کەسی دانیشتوی وڵاتەکە.

لە نزیکەی 20 ڕۆژ لەمەوبەرەوە، قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سەرانسەری عێراقدا ڕاگەیەندراوە و ئەم ڕێوشوێنەش وەهای کردووە، خاوەن کاردارییەکان تەواوی کار و بازرگانییەکانی خۆیان ڕابگرن و وەک بەرەنجامێکیش داهاتی تاکە کەس نەمێنێت لەو وڵاتەدا کە لە هەر 5 کەس، یەکێکیان لەژێر هێڵی هەژارییەوە ژیان ئەزمون دەکات.

ئەم کێشە و ئاڵۆزییە تەندروستی و ئابوریەی ئێستای عێراق لە نێوەندی قەیرانێکی قوڵی سیاسی وڵاتەکەدایە و هێشتاش حکومەتێکی کاربەڕێکەر عێراق بەڕێوەدەبات.

XS
SM
MD
LG