Accessibility links

پسپۆڕێک وەڵامی هۆکاری کەمی ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لەهەرێم باس دەکات


پسپۆڕێکی نەخۆشیەکانی سنگ و بۆری هەوا، ئاماژەبەوەدەکات تا ژمارەی توشبووان بەکۆرۆنا زیاد بکات، ژمارەی گیان لەدەستدان زیاتر دەبێت، دەڵێت"گەر ژمارەی توشبووان لەهەرێم زیادبکات، ئەوا هاوشێوەی وڵاتان دۆخەکە مەترسیدار دەبێت."

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر هادی محەمەد پسپۆری نەخۆشیەکانی سنگ و بۆری هەوا و پزیشکی پسپۆڕی سەرپەرشتیاری نەخۆشەکانی کۆرۆنا لە سلێمانی، باس لەوەدەکات کەمی ژمارەی مردووان بە کۆرۆنا لەهەرێم، پەیوەندی بە بەرگری لەش و لاوازی و بەهێزی ڤایرۆسەکەوە لە هەرێم نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو ڕێوشوێنە توندانەوە هەیە کەلەسەرەتاوە گرتوویانەتە بەر و نەیانهێشتووە ڤایرۆسەکە بڵاو ببێتەوە، دەڵێت"ژمارەی نەخۆشمان کەمە، بۆیە ژمارەی هیلاکیشمان زۆر نییە، عادەتەن لە 100 نەخۆش، 3 بۆ 5 نەخۆشی هیلاکی تێ دەکەوێت، ئەمە بەپێی وڵات دەگۆڕێت، لە ئیتالیا 10%ە، بەڵام لە ئەمەریکا 5% ە ."

دەشڵێت"لە هەزار نەخۆش، 50 نەخۆشی هیلاکی تێدەکەوێ، واتە تا ژمارەی توشبووان زیاد بکات، ژمارەی مردووانیش زیاتر دەبێت."

ژمارەی توشبووان بەکۆرۆنا لە ناوچە سنوریەکانی ئێران هاوشێوەی ناوچەکانی گەرمیان و گەرمەسێر کەمە، لەکاتێکدا پێشتر مەترسی ڕوودانی کارەسات لەو ناوچانە دەکرا، لەو بارەیەوە دکتۆر هادی وتی"ڕەنگە لەو ناوچانە هەڵگری کۆرۆنا هەبێت، بەڵام نەدۆزرابێتەوە، گەر ژمارەیەکی زۆر پشکنین بکەین، ڕەنگە لەو ناوچانەش هەبێت، بەتایبەت پێشتر لە هەڵەبجە و دەربەندیخانیش نەبوو، بەڵام لە پڕێکدا ژمارەیەک توشبوو دەرکەوتن."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر هادی محەمەد، روونیکردەوە ڤایرۆسەکە 14 ڕۆژ لە جەستەی نەخۆشدا دەمێنێتەوە، بۆیە نەخۆش هەیە وەکو پەتایەکی ئاسایی دەیگرێ و بێ چارەسەر تێیدەپەڕێنێت، ئەمە پەیوەندی بە بەرگری لەشەوە هەیە، ئینجا لۆدی ڤایرۆسەکەش لەسەر نەخۆشەکە کاریگەری هەیە، وەکئەو دەڵێت"پزیشک و کارمەندی تەندروستی گەر بیگرن خراپ دەیگرن، چونکە بەردەوام لەگەڵ نەخۆشدان و بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵیان، کەمێک لەم و کەمێک لەو، لۆدەکە زیاترە لەسەریان، بۆیە لە ئیتالیا ژمارەیەک پزیشک و کارمەندی تەندروستی مردوون."

سەرپەرشتیاری نەخۆشانی کۆرۆنا لە سلێمانی، ئاماژەی بەوەشکرد کۆرۆنا پێشتر بڵاونەبووە، تا خەڵک بەرگری لەشی هەبێت بۆی، بۆیە کەمی ژمارەی قوربانیان لەهەرێم، پەیوەندی بە کەمی ژمارەی توشبووانەوە هەیە، وتی"گەر ژمارەکە زیاد بکات، نەخۆشی هیلاکمان زیاتر دەبێت، پێشتر ژمارەی نەخۆش کەم بوو، مردوومان نەبوو، کە ژمارەکە گەیشتە 80 توشبوو، دوو قوربانی و چەند نەخۆشێکی تری هیلاکی تێکەوت."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشەکانی کۆرۆنا لە سلێمانی، جەختیکردەوە کەش و هەوا کاریگەری لەسەر زیندوو مانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت، بەتایبەت گەر پلەی گەرما بەرز بێت، ڤایرۆسەکە زووتر لەناو دەچێت، لەکاتێکدا لە کەشی سارد و شێ داردا زیاتر دەمێنێتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:46 0:00


XS
SM
MD
LG