Accessibility links

نیویۆرک تایمز: هەندێک وڵات پەتای کۆڤید 19 بەکاردەهێنن بۆ سەرکوتکردنی ئۆپزسیۆن


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاگاهی دەدات لەوەی حکومەت و دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان قەیرانی کۆرۆنا بەکاردەهێنن لەپێناو چنگ گیرکردن بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا لەڕێی گرتنەبەری ژمارەیەک ڕێوشوێنی بێ پێشینەوە بە بیانوی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا، کە یەکێکە لە هەرە ناودارترین ڕۆژنامەکانی ئەمریکا، ئاماژە بەوە کراوە حکومەتەکان و دەستە و تیمە یاساییەکانیش هاوڕان کە لەم بار و ڕەوشە نائاساییانەدا، پێویست بە بڕیاری نائاسایی هەیە و وڵاتەکان پێویستیان بە دەسەڵاتی نوێ دەبێت بۆ داخستنی سنورەکانیان و جێبەجێکردنی کەرەنتینەکردنی تەندروستی و بەدواداچوونی ئەوانەی ئەم پەتایە دەیانگرێتەوە. پارێزەرانی دەستور پشتیوانی لەو هەنگاوانە دەکەن و دەشڵێن ئەو هەنگاوانە بەپێی پرەنسیپە نێونەتەوەییەکانە.

بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن، هەندێک لە حکومەتەکان ئەم قەیرانە دەقۆزنەوە تا دەست بەسەر ژمارەیەک دەسەڵاتی نوێدا بگرن کە هیچ پەیوەندییەکی نییە بە پەتای کۆڤید 19ەوە. دەشڵێن ئەو جۆرە حکومەتانە هیچ متمانەیەکی ئەوتۆش نادەن بەوەی ئەو دەسەڵاتە نوێیانە خراپ بەکارنەهێنن، یانیش دەستبەرداری بن پاش کۆتاییهاتنی ئەم قەیرانە.


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەنوسێت، ئەو جۆرە یاسا و ڕێسا نوێیانە بە خێرایی جێگیر دەکرێن لەنێو سیستەمە سیاسییەکانی وڵاتە سەرکوتکارەکان و دیموکراسییە لەرزۆکەکان و تەنانەت وڵاتە دیموکراتیە باوەکانی وەک بەریتانیاش.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی نیویۆرک تایمز، هەندێک وڵات پەتای کۆڤید 19 بەکاردەهێنێت بۆ سەرکوتکردنی ئۆپزسیۆن، وەک شانشینی ئوردون.

عومەر ئەلڕەزاز، سەرەک وەزیری شانشینی ئوردون دەڵێت "هەر کەسێک پڕوپاگەندە و هەواڵی دروستکراو و درۆ بڵاوبکاتەوە و ببێتە مایەی نانەوەی ترس، ئەوا حکومەت بە توندی وەڵامی دەداتەوە."

ئەم لێدوانە هەڕەشە ئامێزەی ئەلڕەزاز، پاش ئەو دەسەڵاتانە بوو کە یاسای بەرگری پێیدا.

لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا، ئاماژە بە ژمارەیەک وڵاتی تریش کراوە، لەوانە تایلاند.

سەرەک وەزیری تایلاند، قەدەغەکردنی هاتوچۆی سەپاندووە و هەروەهاش چاودێریکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن. لە تایلاند ژمارەیەک ڕۆژنامەوان دراونەتە دادگا، هەڕەشەی توندیش لە هەندێکیان کراوە، چونکە ڕەخنەیان گرتووە لە چۆنیەتی سەروسەوداکردنی حکومەتی وڵاتەکەیان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە شوێنی تریش لە جیهاندا هەمان ڕەوش هەیە و ترسیش لەوەیە ئەو یاسایانەی باری نا ئاسایی ببنە مایەی هێنانەوە ئارا و سەپاندنی یاسا لەشکرییەکان.

پەرلەمانی فلپین یاسایەکی پەسەند کردووە کە دەسەڵاتی باری نائاسایی دەدات بە سەرۆکی وڵاتەکە و هەروەهاش 5.4 ملیار دۆلاریشی دەخاتە بەردەست تا لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایەدا بەکاری بهێنێت.

لە شیللی، دەسەڵات بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای بەکارهێنا بۆ ڕاگەیاندنی باری نا ئاسایی، هەروەها دانانی لەشکر لەسەر شەقامەکان، بۆ بێدەنگ کردنی ئەو ئۆپزسیۆنە بەهێزەی بۆ چەند مانگێک وڵاتەکەی هەژاند.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەوەش باس دەکات؛ ئەو حکومەتانەی لە سەرەتای قەیرانی کۆرۆنادا ڕەخنەیان لە چین دەگرت بەوەی هاوڵاتیانی خۆی گەمارۆ داوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئێستا هەمان ئەو هەنگاوانەی چین دەنێن.

ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، نیگەرانن لەوەی حکومەتەکان سەرقاڵی بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی خۆیان بن لە کاتێکدا خەڵک سەرقاڵی ئەم پەتایەن و دەڵێن ترسیان لەوەیە خەڵک ئاگاداری مافەکانی خۆیان نەبن تا ئەو کاتەی کار لەکار دەترازێت.

فینولا ئایلن بڕیاردەری کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "هەندێک لە حکومەتەکان کۆمەڵیک دەسەڵاتیان هەن، ئامادەن بۆ جێبەجێکردن لە کاتی نائاسایی و قەیراندا." ئەمەش وەک دەڵێت بەو مانایەیە پێشوەخت ئەو یاسا و ڕێسایانە دادەڕێژن و چاوەڕوانی دەرفەتی ڕووداوێک دەکەن تا بیانسەپێنن.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، لەکاتێکدا ئەم یاسا نوێیانە چاودێری دەوڵەت زیاتر و فراوانتریش دەکەن و ڕێگە بە حکومەت دەدات خەڵک تا کاتێکی نادیار دەتبەسەر بکات و پێشێلی مافی ڕادەربڕین و کۆڕ و کۆبوونەوە بکات، ئاوەهاش دەشێت بتوانێت ژیانی سیڤیلی و سیاسی و هەروەها ئابوریش بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دابڕێژێت.

فینولا ئایلن، بڕیاردەری کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت " گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە نائاسایی و سەرکوتکارانەیە، وەک هێڵێکی تەریبە لەگەڵ پەتای کۆڤید 19دا."

XS
SM
MD
LG