Accessibility links

ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا سیستمی تەندروستی عێراق ڕووبەڕووی گەلێک ئاستەنگ بۆتەوە، لە ناویاندا ناکۆکییە ناوخۆییەکان و ئاوارەبوونی بە کۆمەڵی خەڵک لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2016دا و ئەمانە هەموی کاریگەری خراپی هەبووە بەسەر ئەو سیستمە تەندروستییەی کە خۆی لەخۆیدا لاواز بوو.

لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆڤێد 19 لە مانگی 12 ی 2019 لە چین بڵاو بۆوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ناسراو بە WHO دەستبەجێ هەوڵەکانی ئامادەکاری دەستپێکرد و زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ تیمە فریاکەوتنەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ناوەندی و هەرێمیش ئەنجامدا بە مەبەستی دەستڕاگەشتن بە دامودەزگا تەندروستییەکان و ئامادەکاری بۆ شیانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە.

بڵاوبوونەوەی لە ناکاوی ڤایرۆسەکە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانی دراوسێیدا مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی لە عێراقدا زیاد کرد کە پێویستی بە هەوڵی ڕێگەگرتنی خێراترو ڕێوشوێنی زیاتر هەبوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەوشەکە بە تایبەتی لە شوێنە ئاینییە پیرۆزەکان، سنوری پارێزگاکان و کەمپی پەنابەراندا.

دکتۆر ئەدهەم ئیسماعیل نوێنەری WHO و بەرپرسی ئەرکی ڕێکخراوەکە لە عێراق دەڵێت " ڕێکخراوی WHO ئاگای لە کاریگەرییەکانی نەخۆشیەکی وەکو COVID19 لەسەر کەرتی تەندروستی عێراق هەیە و دەڵێت "ئێمە تاوتوێی ئەم بابەتەمان لەگەڵ کاربەدەستانی تەندروستی حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستانی عێراقشدا کردووە. کاری هاوبەش دەکرێت و هاوکارییەکان لە بەرزترین ئاستدان."

لە 2 ی مانگی 2 وەوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی چالاکانە دەستی بە پتەوکردنی تواناکانی چاودێری نەخۆشی نیشتمانی لە عێراقدا کرد و ڕاهێنانی لەسەر ڕوونکردنەوەی دۆسێکان و بەڕێوەبردنی کارەکان لە نێو ئەو کۆمەڵگەیانەدا دەستپێکرد کە لە مەترسییەکی زیاتردان.

سەدان هەزار پەیامی خۆپاراستن و شێوازی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ 20 بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕەوانە کراون بە هەولێر و دهۆک و سیلێمانیشەوە.

تیمە تەندروستییە گەڕۆکەکان ڕژانە سەر شەقامە سەرەکییەکان، شوێنە گشتی و ئاینیەکان، ناوچە دووردەستەکان و گوندەکان ئەمە جگە لە فڕۆکەخانە، خاڵە سنورییەکان، نێوەندەکانی دەوڵەت و کەمپی پەنابەران.

هەتا 1 ی مانگی 4 عێراق 697 حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای پشتڕاست کردۆتەوە، 51 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و 169 کەسیش لە سەرانسەری وڵاتەکە چاکبوونەتەوە.

XS
SM
MD
LG