Accessibility links

لە ئێران ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە 3 هەزار کەسی تێپەڕاند


دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایدەگەیەنن ژمارەی ئەوانەی بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە 3 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، پاش ئەوەی لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا وەک ڕاگەیەندرا 138 کەسی تریش بە هەمان پەتا مردوون.

ئێران بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو تیایدا بڵاو بۆتەوە. تەنها لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 2987 کەس توشی کۆڤید 19 بوون، واتە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەمەش ژمارەی توشبووان لە ئێران گەیشتۆتە زیاتر لە 47593 کەس بەپێی لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران.

کیانوش جەهانپور، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەیدا کە لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە دەیکات، باسی لەوەش کردووە کە تا ئێستا 15473 کەس لەم پەتایە چاک بوونەتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو هەواڵانەی پشتڕاست کردۆتەوە کە کەرەستە و پێداویستی پزیشکی و یارمەتی داراییشی وەرگرتووە لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و ئازەربایجان و چین و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و فەڕەنسا و بەریتانیا و قەتەر و تورکیا و ژاپۆن و ڕوسیا.

لە ڕۆژانی بەرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەسەڵاتدارانی ئێران خۆیان دوور گرت لەوەی هەنگاو و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، تا ڕۆژی 25 ی مانگی 3، ئێران بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە نێوان شارەکاندا سەپاند و بڕیاریشە تا ڕۆژی 8 ی مانگی 4 بەردەوام بێت.

دەسەڵاتدارانی ئێران بە دانیشتوانی وڵاتەکەشی وتووە، چەندێک پێیان دەکرێت یان دەتوانن، لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە.

XS
SM
MD
LG