Accessibility links

ئیتالیا داخستنی وڵاتەکەی درێژ دەکاتەوە


وەزیری تەندروستی ئیتالیا ڕایدەگەیەنێت ئەو داخستنە تەواوەتیەی 60 ملیۆن هاوڵاتی ئیتالیایی گرتۆتەوە، درێژدەکرێتەوە، بەلانی کەم تا 12ی مانگی 4ی داهاتوو.

ئەم ڕاگەیاندنەی ڕۆبێرتۆ سبیرانسا، هاوکاتی کۆبوونەوەیەکی بووە لەگەڵ لیژنەیەکی تایبەتی زانستی و تەکنیکیدا و ئاماژەی بەوە کردووە کە هەموو کارێک کراوە بۆ ئەو درێژکردنەوەیە و حکومەتی وڵاتەکەشی هەر بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات بۆ درێژکردنەوەی داخستنی وڵات تا ڕۆژی پیرۆزی هەڵسانەوەی عیسا پێغەمبەر کە بە جەژنی قیامەت ناسراوە.

ڕاگەیاندنی ئەم درێژکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە ئاماژەکان لە ئیتالیاوە نیشانی دەدەن هەروادێ و نزیک دەبێتەوە لە کۆنترۆلکردنی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لەگەڵ ئەوەشدا تا درەنگانێکی ڕۆژی دووشەمە و لە ماوەی 24 کاتژمێردا 812 کەس بەهۆی کۆڤید 19وە گیانیان لەدەستداوە

تا ئێستا لە ئیتالیا زیاتر لە 11500 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

بەڵام وەک ئامارە فەرمییەکانی وڵاتەکە نیشانی دەدەن، لە ئێستادا ژمارەی ئەوانەی توشی ئەم ڤایرۆسە دەبن بە ڕێژەی لەسەدا چوار کەمی کردووە، بە بەراورد لەگەڵ 15 ڕۆژی ڕابردوودا.

XS
SM
MD
LG