Accessibility links

سەرەک وەزیری ئیسرائیل خۆی کەرەنتینە دەکات


سەرەک وەزیری ئیسرائیل کەرەنتین دەکرێت پاش ئەوەی پشتڕاست کراوەتەوە یەکێک لە کارمەندانی ئۆفیسەکەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

کەرەنتینەکردنی بەنیامین نەتەنیاهۆ، هاوکاتە لەگەڵ دوا قۆناغی وتووێژەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئیسرائیل و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ژمارەیەک سەرچاوە لە تەلئەڤیڤەوە باسیان لەوە دەکرد، ڕیفکا بالوخ، ڕاوێژکاری بەڕێز نەتەنیاهۆ، هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

ئۆفیسی سەرەک وەزیری ئیسرائیل، بە ئاژانسی دەنگوباسی فەڕەنسای ڕاگەیاندووە، بەنیامین نەتەنیاهۆ، بڕیاری کەرنتینەکردنی خۆیی داوە لەگەڵ کارمەندەکانی ئۆفیسەکەیدا، تا ئەو کاتەی پشکنینە تەندروستییەکان لەسەر هەموویان تەواو دەبن.

لەو ڕاگەیاندنەدا هاتووە کە خۆ کەرەنتینەکردنی سەرەک وەزیری ئیسرائیل، وەک وەرگرتنی بارێکی ئاگاهییە، لەگەڵ ئەوەشدا کە بەڕێز نەتەنیاهۆ، نزیک نەبووە لەو کەسەی هەڵگری ڤایرۆسەکەیە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە ئیسرائیل زیاتر لە 4300 کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و زیاتر لە 15 کەسیش بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە.

ئۆفیسی سەرەک وەزیری ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە لەوەی تەواوی کۆبوونەوەکانی ئەم چەند هەفتەیەی ڕابردووی نەتەنیاهۆ، لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بووە و ئەو پەیوەندییە ڕووبەڕووانەی هەیبووە زۆر سنوردار بوون.

XS
SM
MD
LG