لە سوریا یەکەم مردن ڕاگەیەندرا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و هاوکاتیش بە فەرمی توشبوونی 9 کەسی تریش بە کۆڤید 19 ڕاگەیەندراوە.
ئەم ڕاگەیاندنەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەی دەسەڵاتدارانی سوریا لە نێوەندی گرتنەبەری هەنگاوەکاندایە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.
وەزارەتی تەندروستی سوریا دەڵێت پاش ئەوەی بە ئامبۆلانس ژنێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و پاش پشکنینە بەراییەکان دەرکەوتووە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە. لەو ڕاگەیاندنەی وەزارەتی تەندروستیدا، هیچ وردەکارییەکی هەواڵەکە باس نەکراوە، وەک لە چ ناوچەیەکی سوریادا بووە، هەروەها باسیش لە تەمەنی ژنەکەش نەکراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی سوریا ڕێوشوێنی گرتۆتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام هێشتا مەترسی و نیگەرانییەکان زۆرن سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم نەخۆشییە، بەهۆی کەمی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان لە وڵاتەکەدا. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاهیی داوە سەبارەت بە مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەناو زیاتر لەو 6 ملیۆن ئاوارەی سوریاییدا.