هێزە ئاسایشیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان کردووە بە گەڕان بەشوێن 54 گیراودا کە لە گرتوخانەیەکی شاری سەقز ڕایانکردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسی دەنگ و باسی ئێرنا بڵاوی کردۆتەوە، لە زاری کاربەدەستێکی ئەنجومەنی لەشکری لە پارێزگای کوردستانەوە دەڵێت، لە سەرجەم ئەو 74 گیراوەی لە گرتوخانەی سەقز ڕایانکردبوو، 20 کەسیان گەڕێندراونەتەوە بۆ گرتووخانەکە، پاش ئەوەی هەندێکیان خۆیان گەڕاونەتەوە و هەندێکیشیان دەستگیرکراونەتەوە.
ئاژانسی دەنگ و باسی ئێرنا کە سەر بە دەوڵەتی ئێرانە دەڵێت 4 پاسەوانی گرتوخانەکەش دەستگیرکراون لەسەر ڕاکردنی گیراوەکان.
پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندبوو، ڕۆژی20 ی مانگی سێ،23 گیراو لە گرتوخانەی خوڕەم ئاباد لە هەرێمی لوڕستان ڕایانکردووە، بەهۆی ئەو پشێویەی لەناو گرتوخانەکەدا ڕوویدابوو، هاوکاتی جیاکردنەوەی ئەو گیراوانەی لێبوردنی گشتی دەیانگرتنەوە.
دەسەڵاتدارانی دادوەری دەیانگوت، ئەو لێبوردنە گشتییەی ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای ئێران بەبۆنەی ساڵی نوێی ئێرانەوە بڕیاری لێداوە، نزیکەی 10 هەزار کەس دەگرێتەوە لە گرتوخانە و زیندانەکانی ئێراندا.
دەسەڵاتدارانی دادوەری ئێران دەڵێن ئەم بڕیارە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی زیندانیکراوانە لە ئێراندا بەهۆی، وەک دەڵێن "ئەم ڕەوشە هەستیارەی ئێستا ئێرانی پێدا تێپەڕ دەبێت." بەڵام لە لێدوانەکانیاندا هیچ ئاماژەیەکیان بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکردووە.
لەوەتای ڕۆژی 21 ی مانگی 3وە، پسێوی لە زۆرێک لە گرتوخانەکانی ئێراندا ڕوویانداوە، لە هەمەدان و تەورێز و لوڕستان و شوێنەکانی تریش.
بەپێی ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکانی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی لە پێشەنگدایە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی دەنگە جیاوازەکان، هەروەهاش دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی ئێرانی.