بڕیارە لوبنان داخستنی سەرتاسەری لە وڵاتدا بۆ دوو هەفتەی تر درێژبکاتەوە تا 12ی مانگی چواری داهاتوو بخایەنێت بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لوبنان هەتا ئێستا 333 حاڵەتی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکردوە و 6 کەسیش لە وڵاتەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
داواکاری درێژکردنەوەی داخستنی وڵات لە کۆبونەوەیەکی ئەمڕۆ پینخشەممەی ئەنجومەنی باڵای بەرگریدا، پەسەندکرا و لە کۆبونەوەکەدا گەورە کاربەدەستانی باڵای لوبنان بەشداربوون تیایدا، لەوانە سەرۆک، سەرۆک وەزیران، وەزیری تەندروستی هەروەها سەرکردەی سوپای وڵات. دوابەدوای ئەو کۆبوونەوەیە، کابینەی حکومەتی لوبنان کۆبوونەوەیەکی تری کرد.
لە 15 ئەم مانگەدا لوبنان باری نائاسایی تەندروستی ڕاگەیاند و هانی وڵاتیان دەدات لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە هەروەها فرمانی داخستنی زۆربەی دامەزراوە گشتی و تایبەتەکانی دا، لەوانە داخستنی فڕۆکەخانەی بەیروت.
هەرچەندە لوبنان قەدەغەی هاتوچۆی ڕانەگەیاندوە ، بەڵام حەسەن دیاب سەرۆک وەزیرانی لوبنان،ڕۆژی شەممەی ڕابردوو داوای لە هێزەکانی ئاسایش کرد ڕێوشوێنی توندتر بگرنە بەر بۆ ئەوەی هاوڵاتیان پابەندی ڕێنوماییەکانی خۆپاراستن بن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.