Accessibility links

سەرۆکی ڕوسیا وتارێک پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکات


سەرۆکی ڕوسیا دەنگدانەکەی 22 ی مانگی 4 ی لە سەرانسەری وڵاتەکە بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخست.

دەنگدانەکە لەسەر ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییانە بوو کە دەشێ ڕێگەش خۆش بکات بۆ ڤلادمیر پوتن لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

ئەو گۆڕانکارییانەی لەلایەن پەرلەمانی ڕوسیا و دادگای دەستووریی ڕوسیاوە پەسەند کراون، ئەگەر لە ڕیفراندۆمەکدا پەسەند بکرێن بۆی هەیە خولی سەرۆکایەتی ڤلادمیر پوتن لە سەرەتاوە دەستپێبکاتەوە. ئەمەش ڕێگە دەدات بە پوتن، کە نزیکەی 20 ساڵە دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵ کردووە، بۆ دوو تێرمی یەک لە دوای یەکی 6 ساڵی خۆی هەڵبژێرێتەوە.

لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند " ئێمە دەبینین چۆن پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە، لە زۆرێک لە وڵاتاندا ژمارەی توشبووان هەروادێ و زیاد دەکەن، ئابوری تەواوی جیهان لە مەترسیدایە."

پوتن گوتیشی " ئەرکی سەرەکی ئێمە تەندروستی، ژیان و پاراستنی خەڵکییە. بۆیە لەو بڕوایەدام پێویستە دەنگدانەکە دووابخرێت."

ڕەخنەگرانی پوتن لەو بڕوایەدان ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییانە پەسەند بکرێن ئەوان پوتن لە ساڵی 2024 خۆی هەڵدەبژێرێتەوە بە پێی یاسا نوێیەکانیش ڕێگەی بەو سەرۆکە تەمەن 67 ساڵانە دەدرێت هەتا ساڵی 2036 لە دەسەڵات بمێنێتەوە.

سەرۆکی ڕوسیا لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ دەنگدانەکە نەکرد و تەنها گوتی بە گوێی ڕێنوماییەکانی شارەزایانی تەندروستی دەکات و ڕەوشەکە هەڵدەسەنگێنێت تا بڕیار بدات چ کاتێک گونجاو دەبێت بۆ دەنگدانەکە.

XS
SM
MD
LG