Accessibility links

قایمقامی دەربەندیخان: شۆفێرە ئێرانیەکان دێنە ناو هەرێم بەڵام هەندێکیان لە ڕێگە لایانداوە و دادەبەزن


قایمقامی قەزای دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئاماژە بەوە دەکات هەموو جموجۆڵێکیان لە قەزاکە قەدەغەکردووە، بە مەبەست ڕێگرتن لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

*وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، قەزای دەربەندیخانی بە "زۆرنێکی مەترسیدار" بۆ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ناوبرد، دۆخی دەربەندیخان چۆنە؟

ناسیح مەلا حەسەن:

ئەوە پرسێکی تەندروستیە و تەندروستی وەڵام بداتەوە باشترە، بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەی لەوانم وەرگرتووە، ئەوان ڕەچاوی ئەو زنجیرە توشبووە دەکەن، کەلەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند کەسێک بەدوای یەکدا توشی ڤایرۆسەکە بوون.

سەرەتا کەسێک توشبوو، دواتر خێزانەکەی و کەسە نزیکەکانیشی بەحوکمی ئەوەی بەرکەوتن هەبووە لەنێوانیاندا، تەندروستی ترسی ئەوەی هەیە خەڵکی زیاتر توشی ڤایرۆسەکە بووبێت.یەکەم کەسی توشبوو، کەسایەتیەکی بەڕێز و کۆمەڵایەتی دەربەندیخانە، بەرکەوتنی لەگەڵ خەڵک هەبووە، گەرچی ئێمە نازانین ڤایرۆسەکە لەوەوە بڵاو بووەتەوە، یاخود ئەمیش لە خەڵکی ترەوە توشبووە، ئەمە لەڕاستیدا پرسیارە؟

گرنگ ئەوەیە حاڵەتەکە دروستبووە، چۆن دروستبووە، ئەو کێشەمان نەما، لەمەودوا دەبێت بەدوای چۆنیەتی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی بگەرێین و هەوڵەکانمان لەو پێناوەدا بخەینەگەڕ.

دەربەندیخان، فۆتۆ دڵشاد ئەنوەر
دەربەندیخان، فۆتۆ دڵشاد ئەنوەر

*ژمارەی گومانلێکراو و توشبووەکان بە کۆرۆنا لە دەربەندیخان گەیشتووەتە چەند کەس ؟

ناسیح مەلا حەسەن:

گومان لێکراومان زۆرە، بەیانی پێنج تیمی تەندروستی لەسلێمانیەوە دێن و پێنج تیمیش لەدەربەندیخان، شاری دەربەندیخان دابەش دەکەن بۆ چەند زۆنێک، هەر تیمە و لە زۆنێکدا پشکنین دەکات، تابزانین ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەناو شاری دەربەندیخان لە چی ئاستێکدایە.

دەمانەوێت لەم ڕێگەیەوە دڵنیا بین، ئایا ڤایرۆسەکە لەناوچەیەکدایە، یاخود لەناوچەکانی تریش بڵاو بووەتەوە، تا بتوانین ئەو ناوچەیە عەزل بکەین کە ڤایرۆسەکەی تێدایە، لەم ڕێگەیەوە ڕێگری بکەین لە زیاتر بڵاوبوونەوەی.

* دەمەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرم، ژمارەی توشبوو و گومانلێکراوەکان چەندن؟

ناسیح مەلا حەسەن:

توشبووەکان ژمارەیان 17 کەسە، گومانلێکراویش تا پشکنینەکان یەکلایی دەبێتەوە، ناتوانین هیچ ژمارەیەک بدەین، چونکە تەندروستی خۆی ئیعلانی دەکات و لایەنی پەیوەندیدارە، لەوانەیە بڵێم 300 گومانلێکراو یاخود 50 گومانلێکراو و وەها نەبێت، بۆیە پشکنینەکان شتەکان یەکلایی دەکاتەوە، بۆیە ژمارە، گەر هەشبێ، بڵاوی ناکەینەوە.

*باسلەوەدەکرێت ژمارەی توشبووەکان زۆر لەو ژمارەیە زیاترە کە بڵاو کراوەتەوە، تاچەند ڕاستە؟

ناسیح مەلا حەسەن:

ژمارەی توشبووەکان چەندن؟ داهاتوو دەریدەخات. بەڵام تا ئێستا تەندروستی ئەو 17 حاڵەتەی ڕاگەیاندووە و لەدەرەوەی ئەمە، ئاگادار نین.

بنکەیەکی تەندروستی کراوەتەوە بۆ وەرگرتنی حاڵەتەکان، سبەی هێڵی گەرم دادەنرێت بۆ وەڵام دانەوەی خەڵک. هەر حاڵەتێک پێیزانرابێت و خۆشی نەیویستبێت بڕوات بۆ نەخۆشخانە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ هێنانی بۆ بنکەی تەندروستی.

ڤایرۆسەکە گەر هەبێ، وەستانی نیە، دەبێت لە ڕێگەی دابڕینی خەڵکەوە لەیەکتری، ڤایرۆسەکە بوەستێنرێ، ئێمە ئەو هەنگاوە دەنێین، هەنگاوی کەرەنتینە کردنی دانیشتوانی دەربەندیخان لەنێو ماڵەکانیاندا، واتە کەمترین جوڵە و پەیوەندی یان هەر نەبێت، هاتووچۆ کردنی پیادە و سەیارەمان قەدەغەکردووە، تا رێگری بکەین لە زیاتر بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە.

*لەنێو خەڵکدا، باسلەوەدەکرێت هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو شۆفێرە ئێرانیانەن کە لەشەواندا بەناو دەربەندیخاندا تێدەپەڕن، بۆ ئەمە چی کراوە؟

ناسیح مەلا حەسەن:

ئەو گومانانە لەجێی خۆیدان، پێشتر لایەنی پەیوەندیدارمان لەمە ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام ئەوان وتیان، هاتنی تانکەرەکان بە پرۆسەیەکی ڕێکخراودا دێن، پاسەوان لەبەردەم و لە دوایانەوەن تا دەیانبەنە سلێمانی بۆ ئەوەی لە ڕێگە شۆفێرەکان دانەبەزن، بەڵام ئەو زانیاریانەی بە ئێمە گەیشتووە، هەندێک لە شۆفێری تانکەرەکان لە ڕێگە لایانداوە و دادەبەزن.

تانکەرەکان تەنها بەناو دەربەندیخاندا ناڕۆن، بەڵکو بەنێو کەلار و زەرایەن و ناوچەکانی تریشدا دەڕۆن، بۆیە خەڵک حەقی خۆیەتی، ئێستا لەهەوڵدان سوتەمەنی بە بۆری ڕەوانەی نێو گەنجینە بکرێت و تانکەری خۆمان لەدیوی هەرێمەوە باریان بکات، ئەمە لەپێناو دروست نەبوونی تێکەڵاوی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:48 0:00


XS
SM
MD
LG