بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەم قۆناغ و ڕەوشەی لە ئاکامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆتە ئاراوە، ڕێبەرانی بەهێزترین ئابورییەکانی جیهان کە بە کۆمەڵەی 20 ناسراون، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی بکەن لە ڕێی کۆنفرانسێکی ڤیدیۆییەوە.
ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرز، زانیارییەکانی ئەم هەواڵەی لە سەرچاوە تایبەتەکانی خۆیەوە وەرگرتووە و دەڵێت ئەو کۆبوونەوەیەش لە نێوەندی ئەو ڕەخنە زۆرانەدایە کە ڕووبەڕووی ئەو وڵاتانە دەبنەوە بەهۆی ئەوەی بە خاوی کاریان کردووە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە جیهانییە.
وەزیرانی دارایی وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەی 20 و هەروەها بانکە نێوەندییەکانیش هاوکاتی کۆنفرانسە ڤیدیۆییەکەی ڕۆژی دووشەممەیان ڕێککەوتوون لەسەر پلانێکی کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سندوقی نێونەتەوەیی دراویی، وەها پێشبینی دەکات بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،کێشە و ئاڵۆزی بۆ ئابوری جیهان دروست بکات.