Accessibility links

تورکیا هەڕەشەی دەستبەسەردا گرتنی کارگەکانی دەمامک دروستکردن دەکات


وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندوە، دەسەڵاتداران دەستدەگرن بەسەر کارگەکانی ئەو کۆمپانیایانەی دەمامک دروست دەکەن، ئەگەر بێتوو تا درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە بڕیاری خۆیان نەدەن بۆ فرۆشتنی تەواوی بەرهەمەکانیان بە حکومەتی تورکیا.

ئەم بڕیارەی حکومەتی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئانکەرە بۆ بەرەنگاربوونەوە و کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

تا درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە لە تورکیا 30 کەس مردون و ژمارەی توشبووانیش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتبووە 1256 کەس.

سولەیمان سۆیلۆ، بە ڕۆژنامەی حوڕییەتی وتووە، لە ڕۆژی یەکشەمەوە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستیان کردووە بە هەڵمەتەکانیان بۆسەر عەممارەکانی ئەو کارگانەی دەمامک بەرهەم دەهێنن و داوایان لێکردوون تا کۆنتراکت لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا مۆر بکەن و چیی دی بەرهەمەکانیان لە عەممارەکانیاندا هەڵنەگرن.

وەزیری ناوخۆی تورکیا لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی حوڕییەت، ئاماژەشی بەوە کردووە کە حکومەت بە نرخێکی باش ئەو دەمامکانە دەکڕێت و کۆمپانیاکانیش 10 بۆ 12 کاتژمێریان لەبەردەستدایە بۆ بڕیاردان، دەنا دەست دەگیرێت بەسەر کارگەکاندا.

تورکیا ژمارەیەک ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەوانە سنوردارکردنی کۆڕ و کۆبونەوەکان، دانانی کۆت و بەند لەسەر گەشت کردن، هەروەهاش پەسەندکردنی پلانێکی هاندانی ئابوری بە بڕی 15 ملیار دۆلار بۆ پشتیوانیکردنی ئابوری وڵاتەکە هاوکاتی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

XS
SM
MD
LG