Accessibility links

توێژەرێکی زانکۆی نۆتنگهامی بەریتانی هۆشداری لەبارەی توانای تەندروستی هەرێم دەدات


دکتۆر حەسەن ڕۆستەم
دکتۆر حەسەن ڕۆستەم

توێژەرێکی بواری بەرگری لەش لە زانکۆی نۆتنگهامی بەریتانی، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە دەیان هەزار توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەن، کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن و نیشانەکانیان لەسەر دەرنەکەوتووە، وەکئەو دەڵێت"ئەو توشبووانە مەترسیدارترین توشبوون و ڤایرۆسەکە بڵاو دەکەنەوە، ژمارەشیان نازانرێت."

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر حەسەن رۆستەم پرۆفیسۆری یاریدەدەر و توێژەری بواری بەرگری لەش، هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەبەهەوڵی بەردەوامی کۆمپانیاکان دەدات بۆ دۆزینەوەی دەرمان و ڤاکسین.

دکتۆر حەسەن ڕۆستەم، روونیکردەوە هەوڵی کۆمپانیاکان بۆ دروستکردنی ڤاکسین، گەیشتووەتە قۆناغی تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵ و مرۆڤ، بەڵام چاوەڕوانی کاریگەری ڤاکسینەکە و دەرئەنجامی سەرکەوتووکەوتنین، کە ئەمە کاتی دەوێت، وتی"گەر گرفت دروست نەبێت، ڕەنگە تا هاوین ی ئەمساڵ بگەنە ئەنجام."

سەبارەت بە دەرمانیش، ناوبراو وتی"لەبواری دەرمانیشدا، هەوڵی دۆزینەوەی دەرمان دراوە و چەند توێژینەوەیەک ئەنجامدراوە، دوا توێژینەوە لە فەرەنسا بووە، کە دەرمانی کرۆکینیان وەکو چارەسەر بەکارهێناوە و ئەنجامی باشیشی هەبووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە دڵنیایی تەواو لە ڕێژەی سەرکەوتنی دەرمانەکە."

بەپێی وتەی دکتۆر حەسەن رۆستەم، رێژەی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەمشێوەیە: خوار تەمەنی 10 ساڵ، گیان لەدەستدان دەگمەنە. لە نێوان تەمەنی 10 بۆ 40 ساڵ، ڕێژەی مردن لەهەزار توشبوو، 4 کەسە. بەڵام لەتەمەنی 50 بۆ 59 ساڵ ، ڕێژەی مردن بەرز دەبێتەوە بۆ 1.3% . هەروەها لەتەمەنی 60 بۆ 69 ساڵ، ڕێژەی مردن دەگاتە 3.6% . لەکاتێکدا ڕێژەی مردن لە تەمەنی 70بۆ 79 ساڵ، دەگاتە 8% ، هەروەها لەتەمەنی 80 ساڵ بەرەو سەرەوە، ڕێژەکە دەگاتە، 14%.

وەک دکتۆر حەسەن، وتی"رێژەی مردن بەپێی ڕەگەزیش، سێ پیاو بەرامبەر دوو ژنە، هۆکاری مردنی بەتەمەنەکانیش بەکۆرۆنا، پەیوەندی بەلاوازی بەرگری لەش و بوونی نەخۆشی تری درێژ خایەن هەیە."

سەبارەت بە کاریگەری بەهێزی بەرگری لەش لەسەر تێپەڕاندنی ڤایرۆسەکە، توێژەرەکەی زانکۆی نۆتنگهام کە هاوکات مامۆستاشە لەزانکۆی گەرمیان، باسی لەوەکرد ڤایرۆسەکە دوای چوونە ژوورەوەی بۆ نێو لەش، دەچێتە نێو ئامێری فەرمانی دروستکردنی خانەوە لەنێو ناوکی خانەدا، دواتر دەزگاکانی خانە، دی ئێن ئەی مرۆڤ بەکار دێنێت بۆ دروستکردنی پارچەکانی ڤایرۆسەکە و پاشان ڤایرۆسەکە خۆی، ئینجا خانەکانی لەش دەگۆڕێت بۆ کارگەی دروستکردنی ڤایرۆس، دەڵێت" دواتر خانەکانی تری لەش، وەکو لیمفەخانەکانی جۆری تی ئاگادار دەبنەوە و کاریگەری دەبێت لەسەر خانەکانی تر، بەمەش هەوکردنی لەش زیاد دەکات و هەڵاوسانی خانە دروستەبێت، کە هەڵاوسانی خانەکانی سی واتە کۆ ئەندامی هەناسە سەرهەڵدەدات، بەمهۆیەشەوە کەسانی بەتەمەن یان جگەرەکێش، توانای هەناسەدانیان کەم دەبێت و پێویستیان بەئامێری ئۆکسجین دەبێت.

دەربارەی توشبوونەوەی کەسێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە پێشتر ڤایرۆسەکەی تێپەڕاندبێت، دکتۆر حەسەن رۆستەم ئاماژەی بەوەکرد گەر ڤایرۆسەکە خۆی نەگۆڕێت، دووەم جار کاتێک دەچێتە نێو هەمان جەستەوە کە پێشتر توشبووە، لیمفە خانەکان بەخێرایی زۆر دژە تەن دووبارە دروست دەکەنەوە دژ بە ڤایرۆسەکە و لەناوی دەبەن، وتی"بەڵام گەر ڤایرۆسەکە خۆی گۆڕی و گۆڕانەکە زۆربوو، ئەستەمە خانەکانی لەش بیناسنەوە، بۆیە توش دەبێتەوە."

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر حەسەن رۆستەم، ئاماژەی بە کاریگەری بەرزی پلەی گەرمی هەندێک ناوچە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد، ئەوەی خستەڕوو بەپێی هەندێک توێژینەوە پلەی گەرمی کاریگەری دەبێت لەسەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، بەڵام توێژینەوەکان لە گۆڤارە ئاست بەرزەکاندا بڵاو نەکراونەتەوە، بۆیە زۆر پشتیان پێ نابەسترێت، وتی"گەر ڤایرۆسەکە وەکو ڤایرۆسەکانی تر بێ و دیاریشە کە نزیکە لێیان، پلەی گەرما کاریگەری دەبێت لەسەری، هەرچەندە دڵنیایی تەواو نیە."

لەکۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر حەسەن ڕۆستەم پرۆفیسۆری یاریدەدەر و توێژەر لەزانکۆی نۆتنگهام ی بەریتانی، بەپێیویستی زانی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ زیاتر تەشەنەکردنی کۆرۆنا بکات و خەمی خۆی بخوات، بەتایبەت ئامێری ئۆکسجین دابین بکات و دابەشی بکات بەسەر شارەکاندا، چونکە ئەوانەی بە کۆرۆنا دەمرن، زیاتر بەتەمەنەکانن و دەخنکێن، وتی"ڕێژەی مردن لە نێو ئیتالیەکاندا زۆرە، چونکە ئامێری ئۆکسجینیان وەکو پێویست نەبووە، بەڵام لەنێو ئەڵمانیا کەمترە، چونکە ئامێری پێویستیان هەبووە."

وتیشی"ئەوەی من لە هەرێمی کوردستان لێی دەترسم، کەمی ئامێرەکانی ئۆکسجین و بەرزبوونەوەی ژمارەی نەخۆشەکانە."

زانیاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمریکادایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:16 0:00


XS
SM
MD
LG