Accessibility links

حکومەتی بەریتانیا داوا لە پزیشک و پەرستارە خانەنشینەکان دەکات بگەڕێنەوە بۆسەر کارەکانیان


حکومەتی بەریتانیا داوا لە 65 هەزار پزیشک و پەرستاری خانەنشین دەکات بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان لە پێناو یارمەتیدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرنسی ڕادەگەیەنێت حکومەتی بەریتانیا نامەی بۆ 50 هەزار پەرستاری پێشوو و 15 هەزار پزیشک ناردووە و داوایان لێ دەکات بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان.

مات هانکۆک وەزیری تەندروستی بەریتانیا بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە " هیوادارم هەزاران لەو پزیشک و پەرستارە خانەنشینانە بتوانن بێن بە دەنگ بانگەشەکەمانەوە." ناوبراو گوتیشی لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا ڕاهێنانی پێویست بە خۆبەخشەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانن چۆن سەرو سەودا لەگەڵ توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن بەر لەوەی بەسەر بەسەر نەخۆشخانەکانی بەریتانیادا دابەش بکرێن.

هەر بە هۆی تەشەنەکردنی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕەنگە خوێندکارانی بەشی پەرستیاری و پزیشکیش بانگ بکرێن بۆ بەهێزکردنی سیستمی تەندروستی بەریتانیا.

حکومەتی بەریتانیا هەتا ئێستا 3 هەزار و 269 حاڵەتی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای پشتڕاستکردوە هەروەها 144 مەرگی ئاکامی نەخۆشیەکەشی ڕاگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG