Accessibility links

لە ئیندۆنیسیا ڕێگری لە گردبوونەوەیەکی موسڵمانەکان دەکرێت


دەسەڵاتداران لە ئیندۆنیسیا ئەمڕۆ پێنج شەممە گردبوونەوەیەکی ئاینیی ئیسلامیان لە نزیکەی 9 هەزار کەس ڕاگرت و دەستیان کرد بە کارەنتین کردنیان و پشکنین بۆ تەندروستییان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

گردبوونەوە ئاینییەکە ئەوەی بڕیاربوو لە درەنگانێکی پێنج شەممە دەستپێبکات لە خوێندنگەیەکی سنوریی لە ناوچەیەکی گوندنشین لە باشوری دوڕگەی "سولەواسی" لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیندۆنیسیاوە پەسەند نەکرا و مەترسی ئەوەی هێنایە گۆڕێ کە لەوانەیە بۆنە ئاینییەکە ببێتە مایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ئەندازەیەکی بەربڵاو لە چوارهەمین وڵاتی جیهاندا لە ڕووی دانیشتوانەوە.

ئیندۆنیسیا ژمارەی دانیشتوانەکەی 267 ملیۆن کەسە، هەتا ئێستا 227 حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای ڕاگەیاندوە و هەروەها مردنی 19 کەس بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە؛ ئەمەش زۆرترین ئاماری مەرگە لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیادا.

هەر لە ئیندۆنیسیا بە هەزاران کەس لە دوڕگەی "فلۆرس" لە ئامادەی رێوڕەسمی قەشەی کاثۆلیک بوون، ئەمەش وێڕای بانگەشەی دەسەڵاتدارانی وڵات بۆ ئەنجام نەدانی گردبوونەوەکە لە پێناو ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئاژانسی تەندروستی ناوچەی "روتێنگ" داوایان لە بەشداربوانی بۆنە ئاینیەکەی ئەمڕۆی مەسیحیەکان کرد ماسکو هەروەها دەستخاوێنکەرەوە بەکار بهێنن.

لە دەمێکی پێشوەختی ئەم هەفتەیەدا سەرۆکی ئیندەنیسیا" جۆکۆ ویدۆدۆ" داوای لە هاوڵاتیان کرد هاتوچۆ کردن کەمبکەنەوە.

XS
SM
MD
LG