سەرۆک دانۆڵد ترامپ داوای لە ئەمەریکاییەکان کرد کە خۆیان دوور بگرن لە گەشتکردن ئەگەر زۆر گرنگ نەبێت و کۆڕوکۆبونەوەکانی زیاتر لە دە کەسیش هەڵبوەشێننەوە. ئەو داوای لە ئەمەریکاییەکان کرد لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا دەستیان کردووە بە داخستنی شوێنە گشتییەکان تەنانەت ڕێستورانت، بار، سینەماکان و یانە وەرزشییەکانیش بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتریڤایرۆسی کۆرۆنا، لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەیەکی زۆری ئەمەریکاییەکان ناچارن لەبەر کارەکانیان لە ماڵەکانی خۆیان دەربچنە دەرەوە.
ویلایەتی مەریلاند یەکێکە لەو یلایەتانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایدا بڵاوبۆتەوە هەتا ئێستا بەلایەنی کەم 43حاڵەت تۆمار کراوە.
ڕۆژی دووشەممە ئەو ویلایەتە بڕیاری داخستنی شوێنە گشتییەکانی دا. سۆنیا محەمەد کوردێکی دانیشتوی باڵتیمۆرە لە ویلایەتی مێریلاند، ئەو کاری وەرگێڕی دەکات. سۆنیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باس لە نیگەرانییەکانی خۆی دەکات لەمەڕ ئەم ڤایرۆسە. دەڵێت هەرچەندە باری نائاسایی لە ویلایەتەکە ڕاگەیەندراوە بەڵام خۆی و هاوسەرەکەشی ناچارن بەردەوام بن لە کارەکانیان چونکە کارەکان ڕانەگیراون. سۆنا دەڵێت کاری ئەو وەکو وەرگێڕێکی نەخۆشخانە ناتوانرێت ڕابگیرێت چونکە ئەمە پەیوەندی بە تەندروستی خەڵکییەوە هەیە.
بەڵام دەشڵێت ئەو لە ڕێکخراوێکی تریش کار دەکات بۆ هاوکاری کردنی پەنابەران ئێستا بەهۆی ئەم بارەوە کارەکانیان لە ماڵەوە دەکەن. سۆنیا محەمەد گوتیشی " لە کاتێکدا ئێستا خوێندنگاکان داخراون بەڵام بەردەوامن لە دابینکردنی ژمە خۆراک بۆ ئەو منداڵانەی کە خێزانەکانیان داهاتیان کەمە، دایکان و باوکان دەتوانن خواردەکانیان وەربگرن."
دەقی وتووێژەکەی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ سۆنیا محەمەد