Accessibility links

ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئێستای چارەسەر و زیانەکانی


وێڕای ئەو هەوڵانەی لە سەرانسەری جیهاندا دەدرێن بۆ کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام هێشتا ئەم ڤایرۆسە هەروادێ و زیاتر بڵاودەبێتەوە و ناوچەی زیاتریش دەگرێتەوە.

زۆرێک لە نەخۆشخانەکان شوێنی تایبەتیان داناوە بۆ مانەوەی ئەو کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن یان نیشانەکانی پەتای کۆرۆنایان تیادا دەرکەوتووە، وەلێ پرسیارەکە لەوەدایە ئایا لەو شوێنە تایبەتانەدا دەتوانرێت کۆنترۆڵی کۆڤید 19 بکرێت؟

دکتۆر گلین ۆرتمان، لە نەخۆشخانەی واشنتۆن، لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت "ئەمە پرسیارێکی زۆر قورسە تا وەڵام بدرێتەوە، لە ڕاستیدا دەکەوێتە سەر ژمارەی نەخۆشەکان، ئەگەر ژمارەکە کەم بوو ئەوا بە دڵنیاییەوە دەکرێت، بەڵام ئەگەر ژمارەیەکی زۆر بێت، ئەوا هیچ نەخۆشخانەیەک لە جیهاندا ناتوانێت."

وەک چۆن لە هەموو نێوەند و دەزگاکانی کەرتی گشتی و تایبەتیشدا ڕێوشوێنی تایبەت گیراونەتەبەر، ئاوەهاش نەخۆشخانەکانیش دەخوازن لە ڕێی سکایپ و تەلەفونەوە لە پەیوەندیدا بن بە نەخۆشەکانەوە.

دکتۆر ستیڤن وایت، لە بەشی تەندروستی زانکۆی میزۆری جەخت دەکاتەوە لە باشی ئەم هەنگاوەی نەخۆشخانەکان و دەڵێت "ئەمە باشترین چارەسەرە بۆ ئەنفلۆنزای ئاسایی و هەروەهاش بۆ ڤایرۆسی کۆڤید 19. نەخۆشەکان، دەکرێت بە خێرایی هەڵسەنگاندنی تەندروستییان بۆ بکرێت و وەڵامی پرسیارەکانیشیان بدرێتەوە و دەشتوانین ئەوانەی پێویستیان بە نەخۆشخانە دەبێت بیانگوێزینەوە."

پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەکەنەوە لەوەی پێویستە خەڵک هەرچ ڕێگەیەکی کە بە پێویستی دەزانن بیگرنەبەر بۆ خۆپاراستن، چونکە وەک دەڵێن ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڤایرۆسەکانی تر مەترسیدارترە.

دکتۆر پیتەر پیۆت، لە زانکۆی لەندەن، یەکێک بووە لەو دوو کەسەی ڤایرۆسی ئیبۆلایان دۆزیەوە و دەڵێت "کۆڤید 19 زۆر زۆر خراپترە لە ئیبۆلا، چونکە گواستنەوەی ئیبۆلا لەڕێی نزیکبوونەوەیەکی زۆرەوەیە، هەرچەندە ئیبۆلا جێی مەترسییە، بەڵام بە ئاسان تر کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام هەرچی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە ڕێی هەناسەوە دەگوێزرێتەوە، ئەمەشە وەهای کردووە ببێتە جێی دڵەڕواکێ. یانی ئەمە شتێکە دەشێت هەر بە قسەکردن لەگەڵ کەسێکدا بۆت بگوێزرێتەوە."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا هیچ چارەسەرییەک بۆ ئەم پەتایە نەدۆزراوەتەوە، هەر بۆیە دکتۆر گلین پێشنیاز دەکات، هەر هیچ نەبێت بۆ ئێستا ڕێوشوێنە کۆنەکان بگیرێنەبەر بۆ خۆپاراستن و ڕێگەگرتنیش لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.

دکتۆر گلین، لە نەخۆشخانەی واشنتۆن دەڵێت "ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بە هەر ڕێگەیەک بێت یان لە لایەن هەر نێوەندێکەوە بێت، هەر زۆر قورسە، چونکە تا ئێستا دەرمان و چارەسەرییەک نییە کە بتوانرێت بڵێین پڕ بە پێستی ئەم نەخۆشیەیە، لەبەر ئەوە شێوازە کۆنەکانی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە ڤایرۆسانە بەکار دەهێنرێت."

ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ لە زیانە گیانییەکان و ئەو مەترسییە تەندروستیانەی هێناویەتە ئاراوە، زیانێکی گەورەیشی لە ئابوری جیهان داوە، بە ئەندازەیەک تا ئێستا چەند جارێک کردنەوەی بازاڕەکانی دراو لە جیهاندا دواکەوتووە.

چانچای پانتانا، جێگری سەرۆکی ئاسیا پڵەس بۆ توێژینەوەی ئاسایشی ئابوری، دەڵێت "ئاڕاستەی گشتی بازاڕ لە جیهاندا سەر بەرەوخوارە، هۆکاری سەرەکیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە لە هەموو وڵاتێکدا هەیە و هیچ ئاماژەیەکیش لە ئارادا نییە ڕەوشەکە بەرەو باشی بڕوات. فاکتەرێکی تریش دابەزینی خێرای نرخی نەوتە بەهۆی ئەوەی عەرەبستانی سعودیە و ڕوسیا نەگەیشتنە ڕێککەوتن."

بێجگە لە وڵاتی چین زیاتر لە پەنجاهەزار کەس لە جیهاندا پشتڕاستکراوەتەوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و هەر وڵاتەش بەپێی هەلومەرجی خۆی ڕێوشوێنی تایبەتی گرتۆتەبەر بۆ خۆپاراستن و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

XS
SM
MD
LG