Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستانی عێراق


ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵات و ناوچەکانی جیهاندا بڵاوبۆتەوە و بە پەتایەکی ترسناکیش ناودێر دەکرێت لە کاتێکدا جەخت دەکرێتەوە لەوەی باشترین چارەسەر بۆ ئەم پەتایە خۆپاراستنە.

نێوەندە تەندروستییەکان لە جیهاندا وەها باس لەم ڤایرۆسە دەکەن کە تایبەتمەندێتی خۆیی هەیە و جیای دەکاتەوە لە ڤایرۆسەکانی تر، وەک باسی دەکەن خێرایی گواستنەوەی لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر زۆر خێراترە لە ڤایرۆسەکانی تر و خێراییەکەیشی بە ئەندازەیەکە دەکەوێتە پێش دەرکەوتنی نیشانەکان لە جەستەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەشێکی زۆری نێوەندە تەندروستییەکان لەوبڕوایەدان دەشێت ئەوانەی دەبنە هەڵگری ئەم ڤایرۆسە، لە سەرەتادا هیچ نیشانەیەکی پەتاکەیان تیادا دەرنەکەوێت، یانیش دەشێت دووچاری هەندێک گرفتی سوکی تەندروستییان بکات، بەڵام بۆ خەڵکی بە تەمەن و ئەوانەش کە پێشتر نەخۆشی تریان لەگەڵدابووە، ئەوا دەشێت مەترسیدارتر بێت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتە پەتایەکی جیهانی و دەشڵێت نیگەرانییەکی زۆری هەیە سەبارەت بە ئاستی بڵاوبوونەوەکەی و شێوازی نەخۆشیەکەش.

لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش ئەم پەتایە بڵاوبۆتەوە، ڤایرۆسەکە لە دەیان کەسدا دۆزراونەتەوە و وەک هەموو شوێنێکی تری ئەم دنیایە، دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێوشوێنی تایبەتییان گرتۆتەبەر و دواترینیان قەدەغەکردنی هاتوچۆی نێوان شارەکانی هەرێم، سنوردارکردنی بازرگانییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ڕاگرتنی هاتوچۆی نێوان هەرێم و شارەکانی تری عێراق، ڕێگەگرتن لە هەر کۆبوونەوەیەکی گشتی و بۆ هەر مەبەستێکیش بێت، ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، هەروەها چەندین ڕێوشوێنی تریش.

بەڵام ئایا هەر تەنها بڕیاردەرکردن و ڕێنومایی کردنی خەڵک بەسە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا کوشندەیە؟

دکتۆر گۆران عەبدوڵا
دکتۆر گۆران عەبدوڵا

وڵاتی چین کە بە سەرچاوەی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە دادەنرێت، وەک کاربەدەستانی وڵاتەکە دەڵێن زۆر نزیک بوونەتەوە لە دۆزینەوەی چارەسەرکردن، بەڵام هێشتاش ئاماری نوێ بڵاودەکەنەوە لەسەر خەڵکی توشبوو و ئەوانەش کە بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیان لەدەست دەدەن.

لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کە هاوسنوری هەرێمی کوردستانە، ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبۆتەوە و ڕۆژانە لە ئێراندا دەیان کەس بەهۆی ئەم پەتا جیهانییەوە دەمرن.

بێگومان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی زیاتری، چەندێک ئەرک لەسەر شانی دەسەڵاتدارانە، دەتوانم بڵێم بە هەمان ئەندازەش لەسەر ئەستۆی خەڵکە و لێرەدا ئاستی هوشیاری تەندروستی لای خەڵک زۆر گرنگە و هەروەهاش وابەستەییان بە ڕێنوماییە تەندروستییەکانەوە.

بەپێی لێدوانەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و کاربەدەستانی تەندروستیش وەک دەڵێن ڕەوشە تەندروستییەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو ڕەوشە تەندروستییە لە کۆنترۆڵ دەرناچێت.

هەر لە سەرەتاوە هەوڵەکان زۆربوون تا ڕەهەندێکی سیاسی بدرێت بە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، لەوانە، کۆماری ئیسلامی ئێران چەند جارێک باسی لەوە کردووە کە ئەم ڤایرۆسە دروستکراوی ئەمریکایە بۆ دژایەتی کردنی چین و ئێران، ئەم ڤایرۆسە لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە چوار هەزار کەسی کوشتووە بەبێ ئەوەی زانیاری لەسەر ڕوانینە سیاسییەکانیان هەبێت.

هەرچۆنێک بێت کاتێک کۆڤید 19 یان ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەرکەوت، لە پێش هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردن و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری، کرا بە دۆسێیەکی سیاسی، هەروەک بڵێیت ئەم ڤایرۆسە چەکێکی نوێی شەڕی سیاسییە لە هەرێمەکەدا لە نێوان هەردوو دەڤەری زەرد و سەوزدا، لە کاتێکدا ڕوون و ئاشکرایە ئەم ڤایرۆسە نە ڕەنگ دەناسێت و نە ناوچەکانیش.

پیاوانی ئاینیش لە هەرێمی کوردستان، لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کەوتنە لێدوان و دانانی ڕێگەچارەکان بۆ ئەم پەتایە کە هێشتاش نێوەندە جیهانی و خۆجێییەکانی تەندروستی سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە کردنن لەسەر چۆنیەتی بڵاوبوونەوە و سوڕی ڤایرۆسەکە و هەموو ئەو ئەگەر و نەگەرانەی لە ئاکامی ئەم پەتایە دێنە ئاراوە.

لە ڕووی ئابوریشەوە ئەم ڤایرۆسە زیانێکی زۆری لە بازاڕە جیهانییەکانی دراو داوە. وڵاتی چین زیانێکی زۆری ئابوری بەرکەوتووە و هەروەهاش ئەو وڵاتانەی کەرەستە و کەلوپەلی زیاتر لە چینەوە هاوردە دەکەن، بێگومان هەرێمی کوردستانی عێراقیش کە بە ڕێژەیەکی زۆر هاوردە لە وڵاتی چینەوە دەکات.

کۆرۆنا بووە هۆکارێکیش بۆ دابەزینی نرخی نەوت. ئەمەش بێگومان زیانێکی ئابوری گەورەیە لەو وڵاتانەی کە ئابوریەکەیان لەسەر فرۆشتنی نەوتە، وەک عێراق. هەرێمی کوردستانی عێراقیش بەوپێیەی نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکەیەتی لەم زیانە بێبەش نییە.

ئایا ئەگەری گواستنەوەی ڤارۆسی کۆرۆنا چەندە بەر لە دەرکەوتنی نیشانەکانی لە کەسی هەڵگری ڤایرۆسەکەدا؟

ئایا دوورخستنەوەی ئەو کەسەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە، دەبێتە ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە؟

ئایا میدیای کوردی توانیویەتی بە ئاگاهیەوە ڕووماڵی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بکات لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا؟

ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا دەچێتە خانەی چەکی بایۆلۆژییەوە و ئایا دەکرێت لە سیاسەتدا بەکاربهێنرێت؟

ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا بەچی لەناو دەچێت، ئایا بەرز و نزمی پلەی گەرما چ ڕۆڵێکی هەیە؟

دکتۆر گۆران عەبدوڵا، پزیشک لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:23:56 0:00
XS
SM
MD
LG