Accessibility links

تالیبان ئامادەیە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیان هاوکاتی دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان


تالیبان کاروانێکی ئۆتۆمبێلی ناردووە بە شوێن ئەو چەکدارانەی کە چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن حکومەتی ئەفغانستانەوە ئازاد بکرێن و دەڵێت ڕێز لە ڕێککەوتنەکە دەگرێت و زیاتر لە 1 هەزار سەربازی حکومەتی ئەفغانی ئازاد دەکات.

ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانی کە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژی سێشەممە ڕابگەیەندرێت، بەشێکە لە ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و تالیبان بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان و کۆتایی هێنان بە شەڕی زیاتر لە 18 ساڵ لە ئەفغانستان.

تالیبان داوای ئازادکردنی زیندانییەکانی کردبوو وەکو هەنگاوێکی دەستپێکی دروستکردنی متمانە تا ڕێگە خۆش بکات بۆ دەستپێکردنی وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی ئەفغان.

سادق سادقی گوتەبێژی سەرۆک ئەشرەف غانی لە تویتێکدا ڕێگەیاند کۆشکی سەرۆکایەتی ڕاگەیاندنێک بڵاودەکاتەوە کە تیایدا پرۆسەکە بە وردی باس دەکرێت و ئازادکردنەکانیش پەیوەستە بە باری ئاسایش و پێشوەچوونەکانی ئاشتیەوە.

ئەو گوتی " حکومەتی ئەفغانستان گەیشتووە بە کڵێشەیەک لەسەر بنەمای ئەوەی ئازادکردنی زیندانیان لە پێناو کەمکردنەوی بەرچاوی ئاستی توندوتیژییەکان دەبێت."

بەرپرسێکی باڵای بنکەی سیاسی تالیبان لە دۆحا ڕایگەیاند، کاروانی ئۆتۆمبێلەکان ڕەوانەی ناوچەیەکی نزیک گرتوخانەی باگرام لە باکوری کابول کراون بۆ هەڵگرتنی ئەو چەکدارانەی کە ئازاد دەکرێن.

لە هەمانکاتدا لەشکری ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەمەریکا دەستیکردووە بە کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان.

ڕێککەوتنی ئەمەریکا و تالیبان لە 29 ی مانگی 2 مۆر کرا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی 18 ساڵەی ئەفغانستان. هەنگاوی داهاتووی ئەو ڕێککەوتنە وتووێژی نێوان ئەفغانییەکان بوو کە تیایدا هەمو لایەنەکان بە تالیبانیشەوە وتووێژ بکەن لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان. بەڵام ئەشرەف غانی و بەرهەڵستی سیاسی عەبدوڵا عەبدوڵا، هەردووکیان لە دوو مەڕاسیمی جیاواز لە ڕۆژی دووشەممە سوێندی یاساییان بۆ سەرۆکایەتی خوارد. لە کاتێکدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی مانگی نۆی ساڵی ڕابوردوودا غانی بە ئاستەم دەنگەکانی زیاترەو سەرکەوتنی بەدەست هێناوە بەڵام عەبدوڵا عەبدوڵا دەڵێت فرتو فێڵ کراوە.

ئەم کێشەیەش وتووێژەکانی لەگەڵ تالیبان کردۆتە کردۆتە دۆخێکی نادیارەوە هەرچەندە غەندی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند تیمێکی وتووێژکار ئامادە دەکات.

XS
SM
MD
LG