Accessibility links

چاوشئۆغڵو: ئەوروپا ناتوانێت یاری بە تورکیا بکات


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت ڕێبەرانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەستەنبوڵ دەکەن بۆ وتووێژکردن لەسەر قەیرانی پەنابەران.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی تورکیا ئەنادۆڵۆ ڕادەگەیەنێت، ئەردۆغان لە دەمی گەڕانەوەی لە بروکسڵەوە لە ناو فڕۆکەکە بە ڕۆژنامەوانانی گوتووە " ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کۆدەبینەوە."

هاوکات ڕۆژێک پاش ئەوەی هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی چوارساڵی ڕابوردوو لەسەر ڕێگەگرتن لە چوونی پەنابەران بۆ ئەوروپا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند یەكێتی ئەوروپا پێویستە یاری بە تورکیا نەکات لەسەر یارمەتیدانی ملیۆنان پەنابەر.

مەولود چاوشئۆغڵو ڕایگەیاند پێویستە یەکێتی ئەوروپا هەنگاوی دڵسۆزانە بنێت بۆ هاوکاری کردنی تورکیا تا بتوانێت مامەڵە لەگەڵ پەنابەراندا بکات و ڕێگەچارەش بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا بۆ ماڵو حاڵی خۆیان بدۆزێتەوە.

قسەکانی چاوشئۆغڵو ڕۆژێک پاش کۆبونەوەی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوو لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی یەکێتی ئەورپا لە بروکسڵ. لە میانەی ئەو کۆبونەوەیەدا هەردوولا قائیل بوون پێداچوونەوە بەسەر ڕێککەوتنی ساڵی 2016 لەسەر پەنابەران بکەن.

ئەو کۆبونەوەیە لە کاتێکدابوو کە هەزاران پەنابەر لە سنوری تورکیاوە بەرەو یۆنان ڕۆشن، پاش بڕیارێکی حکومەتی تورکیا بۆ کردنەوەی سنورەکانی بۆ ئەو پەنابەرانەی کە دەیانەوێت بڕۆنە ناو ئەورپاوە.

یۆنان پۆلیسی دژە ئاژاوەی بڵاوکردەوەو پاسەوانی سنوری زیاتری ڕەوانەکرد بۆ ڕێگەگرتن لە پانابەران.

ئەردۆگان داوای کردووە ئەوروپا ئەرکی زیاتری ئەو پەنابەرە سوریاییانەی کە لە ناو تورکیان بگرێتە ئەستۆ. تورکیا ئەورپا تاوانباردەکات بەوەی بەڵێنەکانی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2016 ی بەجێ نەگەیاندووە لە ناویاندا ئەو بڕە پارەیەی کە دەبوو بیدات بە تورکیا بۆ ڕێگەگرتن لە لێشاوی پەنابەران بۆ ئەورپا، نەیداوە.

هەر پاش وتووێژەکانی بروکسڵ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چارلس میشێل گوتی "تیمەکان بە ڕێبەرایەتی چاوشئۆغڵو و بەرپرسی ڕێبازی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا جۆسف بۆرێل لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا کار دەکەن بۆ ڕوونکردنەوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورپا بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە کە ئێمە لە یەک تێگەیشتووین".

XS
SM
MD
LG