Accessibility links

تالیبان دەڵێت ڕێبەرەکەی فەرمانڕەوای یاسایی وڵاتەکەیە


تالیبان دەڵێت ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گۆڕانکاری نییە لە هەڵوێستی ڕێبەری گروپەکەیان وەکو " فەرمانڕەوایەکی یاسایی" ئەفغانستان کە دەڵێت ئەو دەستبەرداری ئەرکە ئاینییەکانی نابێت بۆ دامەزراندنی " حکومەتێکی ئاینی" پاش ئەوەی "داگیرکەرانی' ڕۆژئاوایی لە وڵاتەکە دەربچن.

ئەم ڕاگەیاندنەی تالیبان گومان لەسەر ڕێککەوتنەکەی هەفتەی ڕابوردووی نێوان ئەمەریکا و تالیبان زیاد دەکات. ئەم ڕاگەیاندنەش لە کاتێکدایە ڕۆژی هەینی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا بڵاویکردەوە کە حکومەتی ئەمەریکا زانیاری هەیە ئەو گروپە توندڕەوە خواستی نییە بەڵێنەکانی کە لە ڕێککەوتنە ئاشتییەکەی 29 ی مانگی 2 مۆری کرد بەجێبگەیەنێت.

تالیبان لە بەیاننامەیەکی ڕۆژی شەممەدا سورە لەسەر ئەوەی، مەلا هەیبەتوڵا ئاخوندزادەی ڕێبەری گروپەکە " ئەمیری شەڕعی" ئەفغانستانە و نابێت ئەفغانستان فەرمانڕوایەکی تری هەبێت.

لە بەیاننامەکەدا باس لە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ واشنتن دەکات و دەڵێت " لە کاتێکدا جیهاد ی 19 ساڵە لە ژێر سەرکردایەتی ئەمیری شەرعی بەڕێوە چوو، ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە داگیرکاری مانای ئەوە نییە دەسەڵاتەکە هەڵدەوەشێتەوە."

شایانی باسە هەفتەی ڕابوردوو ڕێککەوتنی مێژووی نێوان ئەمەریکا و تالیبان بە ئامادەبوونی کەسایەتیە ناودارەکان دەیان وڵات لە قەتەر مۆر کرا و ئەمەش یەکەم هەنگاوی واشنتن بوو بۆ کۆتاییهێنان بە درێژدەمترین شەڕی و کشانەوەی 13 هەزار سەرباز لە ماوەی 14 مانگی داهاتوودا. بە پێی ئەم ڕێککەوتنە پێویستە تالیبانیش پەنای هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆستی نەدات و وتووژی ئاشتەوایی لەگەڵ لایەنەکانی ئەفغانستان دەستپێبکات لە ناویاندا کۆمەڵگەی سڤیلی. بڕیارە وتووێژی ناوخۆی ئەفغانییەکان لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستپێبکات.

XS
SM
MD
LG