لەگەڵ هەمو پێشکەوتنەکانی بوارە جیاجیاکانی ژیان، خەباتی بەردەوامی ژنان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی گۆڕاکاری بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێشتا لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا نەگەیشتۆتە ئاستی پێویست بۆیە ساڵانە هەشتی مارس ڕۆژی ژنان، دەرفەتێکە بۆ بەدەوامی خەباتی ژنانی کورد دژ بە کولتورو سیاسەتی پیاوسالاری لە نێو کۆمەڵگەکەدا.
نوسەرو چالاکوانی مافەکانی ژنان کنێر عەبدوڵا دەڵێت دەسەڵات بەرپرسیارە لەگرتنەبەری فەلسەفەیەکی تۆکمە بۆ پەرەپێدانی پرنسیپەکان و جمگەکانی کە پەیوەندی بە مافی مرۆڤەوە هەیە لەسەر ئاستی تاک.
خاتوو عەبدوڵا هەروەها لە میانەی وتووێژێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەشڵێت " زۆر گرنگە ئاین و فەلسەفەکەی جیابکرێتەوە لە یاساو شێوازی ژیانی خەڵکی."
خالد فەتاح ئەم وتووێژەی لەگەڵ خانم کنێر عەبدوڵا سازداوە.