Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر ڕێککەوتنی ئەمەریکا و تالیبانی ئەفغانستان


وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و تالیبان ڕۆژی شەممە لە دۆحای پایتەختی قەتەر ڕێککەوتنێکی مێژوویان مۆر کرد کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نزیکەی 19 ساڵەی ئەفغانستان و گەڕاندنەوەی هەزاران سەربازی ئەمەریکا بۆ وڵات.

دانوساندکاری باڵای ئەمەریکا زاڵمای خەلیلزاد و مەلاغەنی برادەر جێگری بەرپرسی تالیبان بۆ کاروباری سیاسی لە ڕێوڕەسمێکی فەرمی لە هۆتێلێکی پایتەختی قەتەر بە ئامادە بوونی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ و وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیک وڵاتانی جیهان، ڕێککەوتنەکەیان مۆر کرد.

لە بەیاننامەیەکی کە پاش ڕێککەوتنەکە بڵاو کرایەوە کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەکات سەرۆک دانۆڵد ترامپ بڵێنی خۆ بۆ گێڕانەوەی سەربازانی ئەمەریکا و کۆتاییهێنان بە شەڕە بێکۆتاییەکان بە کارکردن بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان بەجێ دەگەیەنێت.

لە بەیاننامەکدا نوسراوە " ڕێککەوتن لەگەڵ تالیبان ئەنجام دراوە کە تیایدا چەندین بەڵێنی گرنگ و پێویست بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەفغانستان مسۆگەر کراوە. لە کاتێکدا هێشتا کاری زیاتر ماوە، ئەم پێشوەچوونە دەرفەتێکی مێژووی بۆ ئاشتی دابین دەکات."

بە پێی ئەم ڕێککەوتنە واشنتن و هاوپەیمانانی دەبێت لە ماوەی 14 مانگدا تەواوەیهێزە لەشکرییەکان لە ئەفغانستان بکشێننەوە و تالیبانیش ڕێگە نەدات خاکی ئەفغانستان ببێتە مۆڵگەی گروپە تیرۆرستەکان و لەوێوە هێرش بکەنە سەر وڵاتانی بیانی.

بە پێی ڕێککەوتنەکە دەبێت لە ماوەی 135 ڕۆژی سەرەتادا ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە نزیکەی 13 هەزار سەربازەوە کەمبکرێتەوە بۆ 8،600 سەرباز لە ئەفغانستان.

تالیبان هەروەها پەیمانیشی داوە دەستبکات بە وتووێژی ئاشتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەفغانی بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و دابەشکردنی دەسەڵات لە ئەفغانستانی دوای شەڕ.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ لە میانەی مەڕاسیمەکەیدۆحا بە ئامادەبووانی ڕایگەیاند " ئەم ڕێککەوتنە هیچ مانایەکی نابێت و هەستە خۆ شەکەی ئەمڕۆشمان زۆر ناخایەنێت ئەگەر هەنگاوی تۆکمە نەنێین بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە داومانن."

ڕێبەری تالیبان هەیبەتوڵا ئاخوندادا کە گوایە لە پاکستان دەژێت داوای لە چەکدارای تالیبان کرد ڕێز لە ئاشتی بگرن و ڕێککەوتنەکەی بە سەرکەوتن بۆ گروپە یاخیبووەکەی ڕاگەیاند.

ئاخوندزادە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕاگەیاندن دەڵێت " ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنێکی گشتگیرە بۆ تەواوی موسوڵمانان و وڵاتی موجاهید. ڕێککەوتن لەسەر کشانەوەی تەواوی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان بێگومان دەستکەوتێکی گەورەیە."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئەسپەر ڕاگەیاندنێکی هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی ئەفغانی بڵاو کردەوە و تیایدا سورە لەسەرئەوەی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا وابەستەی پرۆسەی ئاشتی دەبن لە ئەفغانستن.

وەزیری بەرگری ئەسپەر لە کۆنفرانسە ڕۆژناوانییەکەی ڕۆژی شەممە لە کابوڵ گوتی ئەمەریکا لە نزیکەوە چاودێری کردارەکانی تالبیان دەکات بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان و بەرەوپێشچوونی وتووێژەکانی نێوان ئەفغانییەکان.

ئەو گوتیشی " ئەگەر تالیبان ڕێز لە بەڵێنەکان نەگرێت، ئەوان دەرفەت بۆ وتووێژکردنی ئەفغانییەکان لەسەر داهاتوی وڵاتەکەیان لەدەست بدەن ئەوا ئەمەریکاش دودڵنابێت لە کشانەوە لە ڕێکەوتنەکە."

سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنیش گوتی حکومەتەکەی ئامادەیە بۆ وتووێژکردن لەگەڵ تالیبان لەسەر ئەجێندایەکی فراوانتر بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە وڵاتەکە.

شەڕی ئەفغانستان نزیکەی 19 ساڵ لەمەوبەر پاش ڕووداوی هێرشەکانی 11 ی سپتەرمبەری 2001 بۆ سەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستیپێکرد. خەرجییەکانی ئەو شەڕە نزیکەی 1 ترلیۆن دۆلار لەسەر ئەمەریکا کەوت و نزیکەی 2400 سەربازی ئەمەریکایش لە شەڕەکەدا کوژراون.

XS
SM
MD
LG